مەریوان نەقشبەندی:
بەرپرسی کاروباری ئاینییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف رای دەگەیەنێت، کە پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە رێگری لە حاڵەتی نامۆی وەک (هاوڕەگەز خوازی) بکات، چونکە ئەم کارە بۆ پاراستنی خێزانی کوردی و کوردستانیان و کلتوری کۆمەڵگەیە.
دوای ئەوەی رێکخراوی هیومان رایتسۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە کە رێگری لە هاوڕەگەزخوازی دەکات، لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی کاروباری ئاینییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف بە (بازمیدیا)ی راگەیاند، هاوڕەگەزخوازی لە هەرێمی کوردستان جێگای نابێتەوە، ئەگەر بەڕاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لە پەرەسەندنی هاوڕەگەزخوازی کردبێت، ئەوە بەڕاستی شایەنی رێزلێگرتنە و جێگای دەستخۆشییە.
بەرپرسی کاروباری ئاینییەکان دەڵێ”رێگری حکومەت لە تەشەنەسەندنی هاوڕەگەزخوازی لە خەمخۆریەتی بۆ پاراستنی خێزانی کوردی و کوردستانیان، هەروەها ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کلتوری کۆمەڵگاکەمان، بۆیە بەتەواوەتی لەم رووەوە پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە رێگری لە هەر حاڵەتێکی نامۆ بە کۆمەڵگاکەمان بکات”.
مەریوان نەقشبەندی رەخنەکەی هیومان رایتسۆچ بە بێبنەما ناودەبات و دەڵێ “ئەو جۆرە رەخنانە ئەگەر لە حکومەتی هەرێم، یان هەندێک ناوەند و حزبی کوردستانی بێت، بەراستی رەخنەیەکی بێ بنەمایە و دەستێوەردانە لە سەروەری هەر کۆمەڵگایەک، کە خۆی شێوازی کاری خۆی هەڵبژێرێت”.