چەند رێنماییەکی گرنگی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون

چەند رێنماییەکی گرنگی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە رۆژانی جەژنی قوربان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، چەند ڕێنماییەکی بەپەلە دەردەکات.

ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی:

١- سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و تەنیا لە شوێنەکانی رێپێدراو دەبێت.
٢- پابەندبوونی قەسابەکان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خۆپاراستن، بەتایبەتی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گوشت و خوێنەکەی، بەپێچەوانەوە بە توندی سزا دەدرێن.
٣- پێویستە ئاژەڵ دوو هەفتە پێش سەربڕینی، بە رشاندن و قڕکەر چارەسەر کرابێت.
٤- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە شوێنەکەی پاک بکرێتەوە. کەلوپەلی بەکارهاتووش (جلوبەرگ و چاقۆ) بە هەمان شێوە پاک بکرێتەوە.
٥- پێویستە هاووڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستەوانە لە دەست بکەن و ئاگادار بن دەستیان هیچ برینێکی نەبێت، تەختەی پارچەکردنی گۆشت لە تەختەی لەتکردنی سەوزە جیا بێت و شوێنەکەشی بە باشی بە ئاوی گەرم و سابوون و دواتر بە هەمان شێوەی خاڵی چوارەم خاوێن بکرێتەوە.
٦- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لە کاتی سەردانکردنی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاو بوونەوە. هەروەها کرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ بەکار بهێنرێت.
٧- بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە بۆ گرتنەبەری رێکارەکانی رەشاندنی قڕکەر، هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن.
٨- پێویستە چالاکییەکانی بەدواداچوونی گەنە و رشاندنی دەرمانی قڕکەر لە شوێنی ئاژەڵان و هێنانی نموونەی گەنە بۆ پشکنین جێبەجێ بکرێت و پرۆسەی کۆکردنەوەی گەنە و شێوازی پاراستی لە ٨٥٪ کحول لە بۆتڵی شووشەی قەپاتکراو بە دروستی لەبەرچاو بگیرێت.

ئەم ڕێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە کە چەند حاڵەتێکی مردن بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاندراوە و وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکان بن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
26 حوزەیران 2023