بۆچی ڕێگری لە پەسەندکردنی ماددەی 14 کرا ؟

شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق، بۆچی ڕێگری لە پەسەندکردنی ماددەی 14 کرا؟ ، هۆکارەکەی ئاشکرا کرا

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە دەقی ماددەی 14 هاتووە، ئەگەر کێشەیەک لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەبێت، لیژنەیەک لەنێوان هەردوولا دروست دەکرێت و ئەنجامی کاری لیژنەکە بۆ سەرۆکوەزیران بەرز دەکرێتەوە و ئەو بڕیاری لێدەدات، بەڵام ئەو ماددەی کە ئەوان ویستیان دەنگی لەسەر بدەن ئەسڵییەکە نییە و پێچەوانەیە، ئەوەی کە ئەوان دایانناوە لە ئەگەری بچووکترین کێشە لەنێوان هەردوو حکومەت، لەماوەی 15 رۆژدا بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، ماددە دەستکاریکراوەکە بەوشێوەیە کە لە 15 رۆژدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ناچار دەکرێت بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەقە ئەسڵییەکە بڕوات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو ویستیان ماددەکانی دیکە تێپەڕێندرێن تا ئەو ماددەیە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە پێشتر ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵیان هەیە، هەموو ماددەکان تێدەپەڕێنن دواتر ئەوەی تریش بە زۆر تێدەپەڕێنن، بۆیە بڕیارماندا ماددەکانی دیکەش نەڕوات تا ڕێککەوتن دەکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوەشی گوت ، ماددەی 14 بەو جۆرەی هێنرابووە ناو هۆڵی پەرلەمان پێشتر هیچ ڕێککەوتنێکی لەسەر نەکراوە و لە لیژنەی دارایی دەستکاری کراوە، ئەمەش مەترسیدارە لە دۆزینەوەی هەر بیانویەک دەتوانن مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن، بۆیە پێمان گوتن بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئەو ماددەیە بەو جۆرە دەنگی لەسەر بدرێت، لەگەڵ سەرۆکی فراکسۆنە کوردستانییەکان قسەمان کرد، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە نابێ ماددەی 14 بەو جۆرە تێپەرێنرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەشکرد، تێبینیان لەسەر ماددەی 13 هەبووە، بەڵام ماددەی 14 بە روحی بودجەکە ناودەبات و دەڵێ: ئەگەر لە داهاتوودا هەر کێشەیەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێ بەپێی ئەو ماددەیە دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەین.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەش کرد: هەر یەک لە ماددەکانی 15، 16، 17 لەنێوان پێکهاتەکانی دیکە کێشەی لەسەر هەبوو، بۆیە ئەوانەش پەسند نەکرا.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوەشی گوت ، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 5ی ئێوارە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە ماددەکانی دیکەی دەستوور بەڕێوەبچێت.