لەسەر دروستكردن و فرۆشتنی ئامێری گزیكردن ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند ، دەستگیركردنی تۆمەتباران لەسەر دروستكردن و فرۆشتنی ئامێری گزیكردن (غش) لە لایەن هێزەكانمان بەردەوامە

ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند ، تیمەكانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)، توانییان ناسنامەی تۆمەتبارێك ئاشكرا بكەن كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی و ئامێری گزیكردن (غش) یان دەكرد، بۆیە لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمانەوە تۆمەتبار دەستگیر كرا و درایە دادگا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە ، لێرەوە جارێكی دیكە داوا لە سەرجەم قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویست دەكەین، خۆیان لەو كەسانە بەدوور بگرن كە بانگەشەی لەم جۆرە کارە دەكەن و كاتی خۆیان و دەرفەتی خوێندنەكەیان بەفیرۆ نەدەن ، چونكە ئەم جۆرە ئامێرانە نایاسایین و هیچ سوودێكیش بە قوتابیان و خوێندکاران ناگەیەنن، لە لای هەر كەسێكیش بێت، دەستگیر دەكرێت و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

بە هیواین هەموان پشت بە خۆتان ببەستن و باشترین نمرەش بەدەست بهێنن.