یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلی بۆ پاڵپشتیکردنی ڤینیسیۆس جونیۆر، دوو یاری دۆستانە بەرامبەر دوو هەڵبژاردەی ئەفریقی دەکات.
دوای رووداوەکانی یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و ڤالێنسیا لە یاریگای مێستایا و ئاراستەکردنی وشەی رەگەزپەرستی بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و پاڵپشتییەکی گەورەی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردەی بەرازیلی خاوەن پێنج نازناوی جامی جیهانی، لە 17ی مانگی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی گینیا یاری دەکات و 20ی هەمان مانگیش، بەرامبەر سێنیگال یاری دەکات.
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل هەڵمەتێکی فراوانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی راگەیاندووە و لەڕووی میدیاییەوە کاری گەورەی لەسەر دەکرێت.
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل دەیەوێت لە رێگەی هەڵمەتەکەیانەوە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی دیاردەی رەگەزپەرستی بکەن. ئیدناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی یەکێتییەکە داوای هەموارکردنەوەی چەندین یاسای کردووە، بۆ ئەوەی دەستی دەسەڵاتدارانی بەرازیل لە رووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە لە یاریگاکانی تۆپی پێ فراوانتر بکات.
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل لە نزیکەوە لەگەڵ ڤینیسیۆس بووە و تەواوی پاڵپشتی بۆ ئەستێرەکە دووپاتکردووەتەوە، هەر دوای وەرگرتنی رەزامەندی ڤینی، دوو یاری دۆستانەشی رێکخست.