روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی سکرتێری پەرلەمانی كوردستانه‌وە

دەقی روونكردنه‌وەكه‌ی نووسینگه‌ی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان:

لەدوای بەرێوەچوونی دواین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، چەندین لێدوان و هەڵسوکەوتی ناشیرین و دوور لە ئەتەکێت و رەوشتی پەرلەمانتاری لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرامبەر بەرێز سکرتێری پەرلەمان ئەنجامدراوە، لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین کە بەرێز سکرتێری پەرلەمان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەرکێکی تەواو یاسایی و پەیرەوی ئەنجام داوە.

لەپێناو پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە چوونە ناو بۆشایی یاسایی و بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی یاسایی خۆییدا، هاوڕا بووە بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بۆیە لێدوان و هەڵسوکەوتەکانی ئەو ژمارە کەمەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی هیچ بەهایەکیان لای سکرتێری پەرلەمان نییە و هیچ کاتێک نابنە لەمپەر لەبەردەم پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکان و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان