٣٢ ساڵ بەسەر کۆڕەوەکەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان تێپەڕ دەبێت
كورد لەو كاتەدا ژێردەستەیی رەت كردەوە و ئامادەبوو لەسەر سنوورەكان بمرێت، بەڵام نەچێتەوە ژێردەستی رژێمی بەعس
ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەر کۆچی ملیۆنی گەلی کورد (کۆڕەو)کە لە باشووری کوردستان تێپەڕ دەبێت ، ٣١ی ئاداری ١٩٩١ بەهۆی هەڕەشە و هێرشی ڕژێمی بەعس زیاتر لە ٢ ملیۆن هاووڵاتی کورد ئاوارەی سنوورەکانی تورکیا و ئێران بوون، ئامادە نەبوون جارێكی تر لە ژێردەستەیی بژین.
كۆڕەوی ملیۆنی كە پشتگیریی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێنا، نەیهێشت دەستكەوتی ڕاپەڕین لەدەست بچێت ، لە ڕێی جووڵاندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بوو كە ناچاری كردن پشتگیری لە كورد بكەن، كۆڕەو پەیامێك بوو بۆ دنیا كە كورد برسێتی و ئاوارەبوونی لە مانەوە لە ژێردەستەیی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بەلاوە پیرۆزترە.
بەھۆی كۆڕەوەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیاری دا كە ڕژێمی عێراق نابێ هێرشی چەكداری بكاتە سەر گەلی كورد، لە ٥ـی نیسانی ١٩٩١ بڕیاری ٦٨٨ درا، بڕیاریش درا ناوچەیەكی ئارام لە سەرووی هێڵی ٣٦ بۆ كورد دابنرێت، لەگەڵ دانانی هێزی هاوپەیمانان لە بنكەی سەربازیی ئەنجەرلیك لە توركیا بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان كە ناسرابوون بە هێزی چەكوشی ئامادە.