کەشناسی: ئەمڕۆ ئاسمان بە درێژایی کاتەکاندا هەوری باراناوی دەبێت
بەشی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو راگەیاند.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمان بە درێژایی کاتەکاندا هەوری باراناوی دەبێت لە تەواوی ناوچەکانی هەرێم، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ دابارین بۆ شێوەی تاوە باران و بروسکە دەگۆڕێت، پاشان بۆ ئێوارە کاریگەرییەکەی لە زۆربەی شوێنەکان کەم دەبێتەوە بۆ شێوەی نمە بارانی پچڕپچڕ، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (١ – ٣) پلە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ڕۆژى پێشوو.
کەشناسی لەبارەی کەشوهەوای سبەی ڕایگەیاندووە، سبەی سێشەممە ئاسمان هەور دەبێت پاشان بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆ تاکو ئێوارە ئەگەری دابارینی نمە بارانی کەم هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان و بەرێژەی زیاتر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، لە کاتەکانی شەودا کەش لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێتەوە.