سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات

ڕۆژی دووشەممە 13ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و کۆسپەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و جێبەجێبوونی بەرنامەی حکوومەتی عێراق تاوتوێ کرا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەکانی هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە و جەختیش لە جێبەجێبوونی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی سوید لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەکات و وێڕای ئاماژەدان بە بوونی ژمارەیەکی زۆری جالیەی کورد و عێراقی خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوار جیاجیاکان پەری زیاتر بستینێت. هەروەها سەرۆک بارزانیش سوپاس گەل و حکوومەتەکانی سویدی کرد کە هەمیشە لە ڕۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بەڕووی گەلی کوردستان کردوەتەوە و پاڵپشتی دۆزی گەلی کوردستان بووە.