دەستەوەستان نامێنم

ڕونکردنەوەیەکی پێویست…زۆر بەکورتی

بەهێز حوسێن:

ماوەی چوار ساڵە وەک بندیوار مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی مووچەی ٤٢٥ دۆلاریان بۆ بڕیومەتەوە ( ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی ) و لەماڵی خۆم بێ کار دانیشتووم ، هۆکارەکەش ئەوەیە برادەرێک لە ناو ڕاگەیاندن دەموچاوی منی بەدڵ نییە ، گرەویان لەسەر کردبووم کە سێ مانگ ناخایەنێت و بەهێز حوسێن خۆی دەکات بە کەناڵێکی نەیاردا ، بەڵام ئەوە چوار ساڵ تێپەڕی و سەرتان دای لەبەرد !.

لە دواین هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا بۆ پەرلەمانی کوردستان خۆبەخشانە ماوەی یەک مانگ لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بەرنامەم پێشکەشکرد و سەربەزانەش دڵسۆزیم بۆ یەکێتی دووپاتکردەوە .

چوارساڵە دانم بەخۆمدا گرتووە و لەبەر ڕێزی مێژووی خۆم و ١٥ ساڵ کار و داهێنان لە ڕاگەیاندنی یەکێتی و ٢٧ ساڵ ئەزموونی کاری میدیایی قسەم نەکردووە ، ئەگەر نا ئەوەندە دەست و پێ سپی نیم لە کاری میدیایی تا کارم دەست نەکەوێت یان لێی نەزانم!.

تەنها مانگانە ٥٥٠ هەزار قیستی شوقە دەدەم و ئەرکی بژێوی خێزانێکیشم لەسەرە ، هەڤاڵێکم نەیپرسی باشە تۆ بەچی دەژیت !؟.
ماوەی چەند مانگێک شاگردیم کرد لە دوکانێکی بچوکدا عەریزە نووسیم دەکرد ڕۆژی بە دەهەزار و ١٥ هەزار دینار ، کامتان ئاگاتان لەم وەزعەی من هەبوو؟

کامتان ئاگادارن لەبەر نەداری هەردوو کوڕەکەم نەتوانی بخەمە باخچەی ساوایان و ساڵێک گەورەکەیانم دواخست لە قوتابخانە و بە ٧ ساڵی داخڵم کرد؟

کامتان هاتن لەوە بکۆڵنەوە کە دیارترین میدیاکارتان بۆ لەسەر شاشە نەماوە!؟.
هەڤاڵانی ل. مەکتەبی ڕاگەیاندن و لێپرسراوی سکرتارییەتی هەڤاڵ مام جەلال و زۆرێک لە م.س و سەرکردایەتییەکانیشم لەم بێ ئەرزشکردنەی من ئاگادار کردۆتەوە ، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە و لەم چوار ساڵەدا کەسێکیان تەلەفۆنێکیشیان بۆ هەواڵپرسین بۆ نەکردووم .

وەک ئەرکێکی ئەخلاقیانەی خۆم بەرامبەر بە هاوسەر و مناڵەکانم و ئەو پاپەندە داراییانەی لەسەرمن ، لێرەوە ڕادەگەیەنم کە چیتر دەستەوەستان نامێنم و بەدوای کاردا دەگەڕێم ، بەداخەوە دوای ئەم هەموو ساڵە لە خزمەت و دڵسۆزییەم هەڤاڵەکانم ناچارم دەکەن لە دەرگای ئەم و ئەو بدەم بۆ کارکردن و لەو میدیایەی شەونخوونی و دڵسۆزیم تێداکرد و بێ مووچەیم تێدا قەبوڵکرد شوێنم نەبێتەوە ، وەزعەکەتان بۆگەن کردووە و ئەوەی بەرامبەرم دەکرێت بە ئیهانەی دەزانم…

داوای لێبووردن لە کەسە دڵسۆز و خەمخۆرە بێدەسەڵاتەکانی یەکێتی دەکەم و هەموو لایەکتان هەر شاد و سەلامەت بن .