تەواوی پەیامەکەی سێرجیۆ رامۆس پاش وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی

سێرجیۆ رامۆس بەفەرمی وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی راگەیاند.
کاپتنە مێژووییەکەی مەدرید وئیسپانیا وەکو خاوەن زۆرترین یاری لە مێژووی وڵاتەکەیدا وازیهێنا و لەگەڵ هەواڵەکەشدا بە راشکاوانە رایگەیاند بەهۆی لویس ئێنریکی راهێنەری پێشوو وە لویس دێ لا فوێنتی راهێنەری ئێستا واز دەهێنێت..
هەروەها باسی مۆدریچ و مێسی و پێپێ دەکات وەک نموونەی ئەو یاریزانانی سەرەڕای تەمەن هێشتا هاوکاری وڵاتەکانیان دەکەن.
پەیامەکەی رامۆس
“کاتی ئەوە هاتووە بۆ من کە ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا و لارۆخا بکەم. ئەم بەیانییە لەلایەن راهێنەری ئێستاوە پەیوەندیم پێوەکرا و پێی وتم کە من لە پلانەکانی ئێستا و داهاتوویدا نیم بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاستم بەرز بێت یاخود نا. بە دڵێکی قورسەوە ئەمە کۆتایی ئەو رێگایەیە کە حەزم دەکرد ماوەیەکی زیاتر درێژە بکێشێت و بە هەستێکی خۆشترەوە وازم بهێنایە کە شیاوی ئەو خزمەتە بێت بە لا رۆخا کردوومە. پێم وایە شایستەی ئەوە بووم کە بە خواستی خۆم وازبهێنم و خۆم بڕیاربدەم کە چیتر ئاستم شایستەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەم نیە نەک لەبەر ئەوەی پێیان وایە تەمەنم هەڵکشاوە یان هەر هۆکارێکی دیکە. هەرچەندە راستەوخۆ ئەوەم پێ نەوتراوە بەڵام بەروونی هەستم پێکرد. تەمەن کێماسی نیە لە مرۆڤدا بەڵکو تەنها ژمارەیەکە و پەیوەست نیە بە ئاستی نێو یاریگا. من سەرسامم بە یاریزانانی وەکو مۆدریچ، مێسی و پێپیم کە نموونەی نەریت و بەها و شایستەیی و هەروەها دادوەرین لە تۆپی پێ دا (سەرەڕای تەمەنیان). بەداخەوە بۆ من بەو جۆرە کۆتایی نایەت چونکە تۆپی پێ هەمیشە دادپەروەر نیە و هەمووکاتێک بڕیارەکان تەنها پەیوەندی بە تۆپی پێ وە نیە.
ئەمە شتێکە کە دەبێت قبوڵی بکەم، سەرباری ئەو دڵتەنگییەی کە لەگەڵ ئێوەدا باسی دەکەم هێشتا سەرم بەرز رادەگرم و سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو ساڵانە و پشتیوانیتان بۆ هەموو ئەو ناسناوەی بۆیان جەنگاین و بەدەستمان هێنان، وە ئەو شانازییە گەورەی لەگەڵ خۆم هەڵیدەگرم کە خاوەنی زۆرترین یاری نێودەوڵەتیم لەگەڵ ئیسپانیا. دروشمی و درێسی و هاندەرانی ئیسپانیا دڵیان خۆش کردووم. بەردەوام دەبم لە پشتیوانیکردنی ئیسپانیا بە گەرم و گوڕی کەسێک کە ١٨٠ یاری بۆ ئەنجامداون. لە ناخی دڵمەوە سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە هەمیشە متمانەیان پێم بووە”.