وەتس ئەپ ٤ تایبەتمەندی نوێی ڕاگەیاند


ئەپڵیکەیشنی وەتس ئەپ ٤ تایبەتمەندی نوێی بۆ بەکارهێنەرانی ڕاگەیاند

وەتس ئەپ، كه‌ خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ گرووپی (مێتا) ، ٤ تایبه‌تمه‌ندی نوێی بۆ به‌كارهێنه‌رانی زیادكردووە، ئێستا به‌كارهێنه‌رانی سیسته‌می ئه‌ندرۆید دوای ئه‌پدەیتكردنەوە به‌رنامه‌كه‌، دەتوانن ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ نوێیانه‌ به‌كاربهێنن، به‌ڵام به‌كارهێنه‌رانی ئایفۆن ناتوانن جارێ ئەو تایبەتمەندییە بەکاربهێنن.

به‌گوێرەی زانیارییه‌كان و لە یەکەم تایبەتمەندیدا له‌مه‌و به‌دوا به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ دەتوانن ١٠٠ وێنه‌ و ڤیدیۆ له‌میانی چاتكردندا بۆ هاوڕێكانیان بنێرن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پێشتر به‌كارهێنه‌ران گله‌ییان له‌وە دەکرد، كه‌ نه‌یاندەتوانی زیاتر له‌ ١٦ وێنه‌ و ڤیدیۆ له‌كاتی چاتكردندا بۆ هاوڕێكانیان بنێرن.

خاڵی دووەم له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ نوێیه‌كانی وەتس ئەپ، رێگه‌دانه‌ به‌ نووسینی ناوێكی درێژ بۆ گرووپێكی چاتكردن یان بۆ كه‌سێكی تایبه‌ت، كه‌ ئه‌مه‌ش پێشتر به‌كارهێنه‌ران گله‌ییان له‌وبارەوە هه‌بوو، چونكه‌ ژمارەی ئه‌و وشانه‌ی بۆ نووسینی ناوی گرووپێك دیاریكرابوون، كه‌مبوون.

لە خاڵی سێیەمدا، له‌مه‌وبه‌دوا به‌كارهێنه‌رانی وەتس ئەپ دەتوانن له‌گه‌ڵ ناردنی هه‌ر فایلێكی جۆری (وۆرد، پی دی ئێف، ئێكسڵ..هتد) ناونیشانێك یان روونكردنه‌وەیه‌ك له‌گه‌ڵ ناردنیان دابنێن.

كۆتا تایبه‌تمه‌ندی نوێی وەتس ئەپ، رێگه‌دانه‌ به‌ دروستكردنی وێنه‌یه‌كی ئایكۆنی‌ بۆ پرۆفایلی به‌كارهێنه‌ر، واتا له‌مه‌و به‌دوا به‌كارهێنه‌ران دەتوانن له‌جیانی وێنه‌ی تایبه‌تی خۆیان، وێنه‌یه‌كی ئایكۆنی (رەمزی) كه‌ پێی دەگوترێت “ئاڤاتار”، له‌سه‌ر پرۆفایله‌كانیان دابنێن، وەكو ئه‌و تایبه‌مه‌ندییه‌ی ئێستا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی فەیسبووك، ئینستاگرام و سناپچاتیش هه‌یه‌.