سەرۆک ماکرۆن سڵاو و ڕێزی تایبەتی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا کۆبووەوە
ئێوارهى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/16 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان له کۆشکی ئیلێزێ لە پاریس ، لهگەڵ ئيمانوێل ماكرۆن سهرۆكى فهڕهنسا کۆبووەوە.
له كۆبوونهوهکەدا پەرەپێدان بە پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی ئەوروپا .
سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەت و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ بەردەوامیی پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان ، بەتایبەتی کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا فەڕەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە.
سەرۆک ماکڕۆن سڵاو و ڕێزی تایبەتی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامبوون لە سەر پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
گرنگیی چارهسهركردنى کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ئاسایش و سهقامگيريى ناوچهكه، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.