هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان چیمان پێدەڵێن؟
هەفتەکانی ڕابردوو برێت مەکگۆرک هۆشداری دایە سەرانی دەستڕۆشتووی یەکێتی کەخۆیان نەخەنە ناو کێشە نێودەوڵەتیەکان و خۆیان بە دوور بگرن لە مەلەفی نەوت و غاز و سپیکردنەوەی دۆلار، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک هۆشداری مەکگۆک بەهەند وەرنەگیراو، چاپخانەی چاپکردنی تمەن هێنرایە سلێمانی، لەبەغدادیش کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ڕووسی و ئێرانی کراو گرەنتیان پێدرا کەناهێڵن وەبەرهێنان لەغازی هەرێمدا بکرێت، ئەمەش توڕەبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕەنگە لەدوای وتارەکەی ئەمشەوی بلاسخارت و سەردانە بەپەلەکەی بۆ ماڵی مام جەلال ڕووداوی چاوەڕواننەکراو لەماوەیەکی کورتدا ڕووبدەن کە دڵخۆشکەرنەبن بۆ حاکمەکانی ئێستای سلێمانی، ئەوەی ئێستا لەمیدیاکانی کوردستان سۆشیالمیدیا دەوترێت تەنها دیوێکی سادەی بابەتەکانە و کرۆکی هاوکێشەکان نیە.
ئەگەر چی پارتی بۆ نەهێشتنی متمانەی لاهور شێخ جەنگی لەلای یەکێتیەکان پێی خۆشە کەمیدیاکانی ئێستای یەکێتی دەڵێن دادگای پارتی هاوکاری لاهورە،بەڵام ئەمە ئەسڵی نیە، چونکە هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان وادەخوازن کە بۆ بەرگرتن له ترازانی زۆنی سەوز لە هەرێم دەسەڵاتدارانی ئێستای سلێمانی نەمێنن، ڕوونە کە مەکگۆک لەسەردانی یەکەمی دا بۆ هەولێر بە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی وتبوو هەرێم چەقی ستراتیژی ئەمریکایە لەناوچەکەدا، بۆ هێشتنەوەی ئەم ستراتیژە بەتایبەت لەزۆنی سەوز ئێستا لە هەمووکات زیاتر ئەمریکا پێویستی بەهاوپەیمانەکەیەتی لە سلێمانی کەلاهور شێخ جەنگییە.
کودەتای ٨ی تەمموز تەنها بێڕۆڵکردنی لاهور شێخ جەنگی نەبوو لەکایەی سیاسی،بەڵکو پاکتاوکردنی هەیمەنەی ئەمریکابوو لە سلێمانی لەلایەن ئێرانیەکانەوە، ئێستا کە ئەمریکا لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی جارێکیتر بێتەوە ناوچەکە لەسەرەتادا پێویستە یەک یەک مینەکانی بەردەمی هەڵبگرێتەوە و میلیشیاو گوێ لە مستەکانی ئێران دووربخاتەوە و هاوپەیمانەکانی خۆی بێنێتەوە مەیدان، ئەوانەی کەبەملیاران دۆلاریان ناردوەتە تاران و بوونە شانیان دایە ژێر تابوتی کۆماری ئیسلامی تا لەکەوتن بیپارێزن لەدوای لغاوبونیان ڕەنگە وڵات بەدەریش بکرێن.
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد