ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر پاڵپشتی بۆ فینلەنداو سوید دوپاتکردەوە بۆ ئەوەی لەزوترین دەرفەتدا بچنە نێوهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ)، ئەویش دوای ئەوەی فینلەندا ڕایگەیاند، پێویستی بەوە هەیە لەدانوستانە سێ قۆڵییەکان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بەداواکارییەکانی فینلەنداو سوید بۆ پەیوەستبون بەهاوپەیمانی سەربازییەوە، بەشێوەیەکی کاتی ڕابگرێت.
لەوبارەیەوە نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “هیچ بوارێک نییە بۆ بیرکردنەوە لەئەگەری پەیوەندیکردنی فینلەندا بەناتۆ بەبێ سوید، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، نابێت سوید چاوەڕێی ئەوە بکات لەبابەتی بەئەندامبونیدا لەناتۆ ئەنکەرە پشتیوانیی بکات”.
تورکیا دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکانی لەگەڵ سویدو فینلەندا لەسەر داواکاریی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لەناتۆ بۆ ماوەیەکی نادیار دواخستوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا سیاسەتمەدارێکی ڕاستڕەوی توندڕەو لەستۆکهۆڵمو لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لەسوید، ئاگری لەقورئانێک بەردا، ئەمەش تورەییو بێزاریی ئەنکەرەو وڵاتانی ئیسلامیی لێکەوتەوە.