بوودجەی هەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ـی هێزەكانی پێشمهرگه دەخرێته سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئهمڕۆ سێشهممه ٢٠٢٣/١/٢٤ ، فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند: لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، پێشووتر له ڕێکەوتی ١٢ـی ٧ـی٢٠٢٠، لە کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بڕیاری دا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بوودجەی هەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ بخاتەوە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لەم سێ ساڵەی رابردووشدا، بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له ١٤ لیواوە کراونەتە ١٩ لیوا و میلاکی وەزارەتیش له ٤٣ هەزار و ٣٤٧ پێشمەرگە بووەتە ٦٠ هەزار و ١٦ پێشمهرگه.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری ئهوەشی خستووەتهڕوو، بە مەبەستى بە ئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، بڕیار درا کە مووچەى هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەى مووچە وەرگرانى پێشمەرگە بەپێى هەژمارى تایبەتى بانک لە ٥ هەزار و ٨١٨ پێشمەرگەوە گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٨٠٠ پێشمەرگە.
راشگهیاندراوە، فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانی ١، ٢ـیش کە پێشتر لە چوارچێوەى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەدا نەبوون، لەماوەى ڕابردوودا خرانەوە سەر میلاکی ئەو وەزارەتە کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکى گرنگ هەژمار دەکرێت.
وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو وەزارەتانەى کە لە ڕووى چاکسازى و یەکدەستكردنی میلاکەوە، لە سێ ساڵى ڕابردوودا کارى ڕژد و گەورەى ئەنجام داوە.
لهكۆتاییدا فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی هەرێمى کوردستان رایگهیاندووە، كابينهی نۆیهم سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەنێو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشی بڕیووە.