پارتی لاری نییه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وەی یاسای هه‌ڵبژاردن

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/١/٢٣ ، زانا مه‌لا خالد، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگرەیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پارتی لاری نییه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وەی یاسای هه‌ڵبژاردن و پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیشه‌ له‌ ئه‌مساڵدا.

ئاماژەی به‌وەش كرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خاڵی هاوبه‌شمان له‌ ناكۆكییه‌كان زیاترە و له‌وبارەیه‌وە گفتوگۆ دەكه‌ین، گوتیشی: دەبێ له‌مپه‌رەكانی به‌ردەم ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌هه‌ێڵدرێن.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئاشكراشی كرد، دوای كۆبوونه‌وەكه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆكی فراكسیۆنه‌كاندا، دەسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وەی خۆیان ئه‌نجام دەدەن و پێشنیار و راسپاردەكانی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی كۆبوونه‌وەكه‌ی ئه‌مڕۆ تاوتوێ دەكه‌ن و دواتر بڕیار له‌بارەی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وە دەدەن.