سێ کۆبوونەوەی گرنگی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی لە داڤۆس

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ ھەریەک لە تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داڕێڵ عیسا کۆبوویەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێیشەممە لە داڤۆس، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم پێشوازی کرد لە بەڕێز تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا،لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەمان بەگشتی تاوتوێ کرد ، بەتایبەتی گفتوگۆمان دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەلکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا کرد.
لە درێژەی دیدارەکانی لە داڤۆس مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان , لە گەڵ بەڕێز ئەلیکساندەر دیکروو سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووینەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراق و ناوچەکەمان بە گشتی تاوتوێ کرد.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەلجیکا و ئەوروپا بەگشتی.
ھەروەھا سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند :سوپاسی بەلجیکامان کرد بۆ پشیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، هەروەها کورتەیەکمان دەربارەی دوا سەردانمان بۆ بەغداو کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور خستەڕوو .
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و چالاکی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی بەهێزی بەلجیکایە. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا .
ھەروەھا لە درێژەی کۆبوونەوەکاندا سەرۆکی حکومەت لە داڤۆس لەگەڵ کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داڕێڵ عیسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور کرا.