فرسەت سەید شکور
داپۆشینی شکستەکان یان دواوە ھاتن لە پرۆسەی سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی دۆخێکی ئاڵۆز و ناتەندروستی لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیدا دروستکردووە، ھەر لە پەرتەوازەیی ناوخۆییەوە تاوەکو دژایەتی کردنی دامودەزگا شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ماوە ماوەش بە بیانووی جیاجیا پەلاماری حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەدەن لە ڕاستیدا
ئەگەر شیکردنەوەیەکی (بەڵگەداتایی) بۆ ئەزموونی حکوومڕانی ھەرێمی کوردستان بكەین، بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، دەشێ بمانوەستێنێت لە دەستخستنە سەر کۆمەڵێک خاڵی جەوھەریی زۆر گرنگ کە کابینەکە بە ئاستەنگی زۆر و سەڕەرای ئالنگارییەکان، ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ئەمانەی خوارەوە باشترین بەڵگەی داتا و دەرخستەی گووتە ھەڵبەستراو ئاراستەکراوەکانن، کە ڕەنگە ھەزم کردنیان بۆ تۆمەت ھەڵبەستان قورس بێت؛
– لە کاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکە.
– سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای حکوومەتی عێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، هەزاران ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرانەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە، بەردەوامن.
– داخستنی بازاڕی چەکفرۆشی و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکردن بە چەک و دیاردەی چەكداری، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرانەکانی مەسرور بارزانی بوو، ئەمەی دوایی بەئێستاشەوە بەردەوامە کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە.
– گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات، ھەژمار دەكرێت.
– پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانییدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو پێشوازییانەی لە مەسرور بارزانی لە وڵاتانی ناوچەکە و سەردانەکان بۆ ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەورووپا کران، جیا لەوەی خاڵی ئەرێنیی بەھێز و گرنگ بوون، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکی بوون، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە.
-نەسڵەمینەوە لە دەستگیرکردنی تاوانباران و دەرچووان لە یاسا و جووڵاندنی ئەو کەیسانەی کە مافی گشتییان تێدایە و ھەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەنێوەندە یەکێتی دژی دەوەستێتەوە.
-ڕانەھاتن لە بە دامەزراوەیی کردن و یەکسان بوون لەبەردەم یاسا کە ئەوە ستراتیژییەتی وەزارەتی ناوخۆ-کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
-سەرۆکوەزیرانی ھەرێم زۆر بە ڕاشکاوی و بوێرانە داوای پێکھێنانی ھێزێکی یەکگرتووی لە ھەولێر و سلێمانی کرد بۆ چاودێریکردنی خاڵە سنوورییەکان، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ حیزبەکەی ستران عەبدوڵا ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆیی کرد؟ ئایا وەڵامەکە لە دەستی (مەلا بەختیار) نییە؟ کە دەڵێت ھاوسەرۆکانی یەکێتی داھاتی سلێمانی و بەتایبەت مەرزی (باشماخ) دەبەن.
-یەکێتی بەردەوام داوای (لامەرکەزی) دەکرد پاش ئەوەی ئەو دەسەڵاتەیان پێدرا، توانای بەڕێوەبردنی یەک گەڕەکیشیان نەبوو.
-یەکێتی بەردەوام شانازی بەو ھوتافە دەکات کە سەرۆکی حکومەت لەو دیو دێگەڵەوە دەسەڵاتی نییە، بەو پێیەش ھەر ئەوان بەرپرسن لە تاڵانی-تاوانکاری-سزادانی خەڵک-شاردنەوەی تاوانباران-بردنی داھاتی سلێمانی.
وەڵامێک بنووسە