بازمیدیا وردەکاری بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ و مووچەکەیان ئاشکرا دەکات
سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بازمیدیای ڕاگەیاند: بڕیارە بەم نزیکانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی کۆببێتەوە ، سەبارەت بەم بابەتە چەند ڕێگەچارەیەک بۆ چۆنییەتی بە گرێبەستکردنی ئەم توێژە تاوتوێ دەکرێن، کە بەپێی زانیاریەکانی بازمیدیا یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بڕوانامە و کۆنمرە دەکرێنە گرێبەست بڕە پارەکەش لە ٤٥٠ ھەزار کەمتر نابێت و لە ٥٠٠ ھەزاریش تێپەڕناکات ، سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە بژاردەکان چەند بژاردەیەکن و دیارنییە کامیان پەسەند دەکرێت.
پرسی مامۆستایانی وانەبێژ لە کاتێکدایە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپاردووە، بەزووترین کات بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکرێت ھەروەھا جدییە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بابەتە کە بگونجێنرێت لەگەل یاسا کارپێکراوەکان و بە تایبەت یاسایی میلاکات پەیوەست بە یاسایی بودجە.