سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بۆردوومانکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند : سەرکۆنەی مووشەکبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەین
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان :
ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بەزاندن و پێشێلکردنی چەندبارەی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەکباران، بە توندی سەرکۆنە دەکەین.
بۆردومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن بە مووشەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە هەر پاساوێک، هەڵوێستێکی ناڕاست و بەلاڕێدابردنی ڕەوتی ڕووداوەکانە و جێگای سەرسوڕمانە. ئەم جۆرە هێرشانە، کە بەردەوام دەکرێنە سەر خاکمان و بەو هۆیەوە، خەلکی سیڤیلیش دەبنە قوربانی، شەرمەزار دەکەین و پێویستە کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێندرێت.
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2022/9/28