مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دووسایدی سپیلک-خەلیفانی دانا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022, مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی دووسایدی سپیلک-خەلیفان کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئامادەین بە دانانی بەردی بنا‌غەی دروستکردنی شەقامێکی سەرەکی و ستراتیژیی دووسایدی خەلیفان-سپیلک، کە بەشێکە لەو بەرنامانەی حکومەتی هەرێمی بۆ دروستکردنی ڕێگاوبان لە هەموو کوردستاندا.
• پیرۆزبایی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەم بۆ ساڵیادی دامەزراندنی و ئەو بڕیارەی دامان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
• ئێمە دەمانەوێ ئەم پرۆژەیە بە كوالێتییەكی باش و گونجاو كە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان بگونجێت، جێبەجێ بكرێت.
• من لێرە داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە و دانیشتووانی ئەم سنوورە دەكەم، داواتان لێ دەكەم ڕەچاوی ئەوە بكەن كە ئەو شوێنە قەدەغەكراوانەی كەناری جادەكان هەن، تەجاوزی ئەو شوێنانە نەكرێ، بۆ سەلامەتیی خۆتان باشترە و بۆ جوانیی شارەكە و سروشتی وڵاتەكەشمان جوانترە.
• داوا لە شۆفێران دەکەم ڕێنماییەکانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن.

• لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆرمان بە ڕێگاوبان وەکوو ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان داوە، لە هەموو ناوچەکانی کوردستانیشدا ئەم جۆرە پڕۆژانەمان جێبەجێ کردووە.
• بەرنامەمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی زیاتری ڕێگاوبان، بۆ دەڤەری سیدەکان برادۆست ناوچەی بارزان و قەزای مێرگەسوور، هەروەها بەجووتسایدکردنی رێگای هامڵتۆن.
• ئەم ناوچەیە ناوچەیەكی زۆر تایبەتە، لەوەی چ لە كاتی خۆڕاگری و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستاندا قوربانییەكی یەكجار زۆری داوە، چ لە ڕووی جوانیی سرووشتی خۆی كە ناوچەیەكی زۆر دڵگیر و سەرنجڕاكێشەیە.
• بەرنامەی زۆرمان هەیە كە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە گرنگییەكی زیاتر بەم ناوچەیە بدەین.