داستانی خواکوڕک هەوێنی ڕاپەڕین و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و ھێمای بەرگری و تێکۆشان بوو

داستانی خواکوڕک هەوێنی ڕاپەڕین و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و ھێمای بەرگری و تێکۆشان بوو

سی و چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ،له‌ ڕۆژى 5ـی ئەیلوول، پاش 46 ڕۆژ لە خۆڕاگری هێز پێشمەرگەی کوردستان، داستانی خواکوڕک تۆمار کرا. داستانی خواکوڕک لە داستانە بەناوبانگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە سەرۆکایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانی چۆک بە سوپای عێراقی دابدات، کە بە پێنجەمین سوپای جیهان دادەنرا.

سوپای بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە 19ـی تەمووزی 1988، ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەست پێکرد.

لەو شەڕەدا سوپای بەعس بە بەشداری زیاتر لە پازدە لیوای سەربازیی، تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگيی و، تەنانەت چەکی کیمیاییشی تێدا بەکارھێنا.
سەرەڕای هێزی نابەرابەر، پێشمەرگە دلێر و گیانلەسەردەستەکانی کوردستان، توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشکارەکەی ڕژێمی بەعس بگەیەنن.
شەڕەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازیی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەسکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەستبهێنێ. لە ڕووی سیاسیشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی ڕژێمی بەعس بوو، کە باوەڕی وابوو بەکۆتایيهاتنی جەنگی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکوڕکدا، لە وتارێکیدا بۆ پێشمەرگە قارەمەکانی بەشداربووی ئەو داستانە ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت، دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە.
داستانی خواکوڕک بووە هەوێنێک بۆ گیانی بەرگری و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس و ڕاپەڕینه‌ شکۆدارەکەی ئاداری 1991ـی لێ هاتە بەرهەم.
لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی داستانی خواکوڕک و شه‌هيدانى ڕێگەی ڕزگاری کوردستان دادەنەوێنین.