بۆچی شێخانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ په‌نایان بۆ سه‌رۆك بارزانی‌ برد؟

بۆچی شێخانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ په‌نایان بۆ سه‌رۆك بارزانی‌ برد؟

له‌ په‌راوێزی‌ رووداوەكانی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٢ كه‌ سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وەی‌ رزگاریخوازی‌ كورد بڵاو كردووەته‌وە، سه‌رۆك باسی‌ رووداوێكی‌ سه‌یر دەكات كه‌ له‌ شه‌وی‌ ١٥ له‌سه‌ر ١٦ی‌ ته‌مموزی‌ ٢٠٠٢ رووی‌ داوە، به‌هۆی‌ رووداوەكه‌شه‌وە شێخانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ بیارە په‌نایان بۆ هێناوە.

سه‌رۆك مەسعود بارزانی نووسیوویه‌تی‌: له‌ شه‌وی‌ ١٥ له‌سه‌ر ١٦ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٢، زانیاریمان بۆ هات كه‌ ئه‌نساروئیسلام دەستكاری‌ گۆڕی‌ شێخانی‌ بیارەیان كردووە و مه‌رقه‌دی‌ شێخ حوسامه‌دین نه‌قشبه‌ندییان گواستووەته‌وە بۆ شوێنێكی‌ نادیار، به‌ڕاستی‌ به‌ بیستنی‌ هه‌واڵەكە تووشی‌ شۆك بووم، له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم كه‌سانێك هه‌بن ئه‌و جورئه‌ته‌یان هه‌بێت تاوانێكی‌ له‌م شێوەیه‌ بكه‌ن، شێخ عه‌دنان نه‌قشبه‌ندی‌ به‌ یاوەریی ژمارەیه‌ك له‌ كه‌سوكار و موریدانی‌ هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ و قادری‌ سه‌ردانیان كردم، له‌ دیدارەكه‌ پێم ڕاگه‌یاندن : “ئه‌وەی‌ رووی داوە له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كراوە نه‌ك له‌گه‌ڵ ئێوە، له‌گه‌ڵ هه‌موو مسوڵمانان و هه‌موو مرۆڤه‌ خاوەن هه‌ست و ویژدانه‌كاندا كراوە، به‌ دڵنیاییه‌وە ئه‌و تاوانه‌ دەبێته‌ له‌ناوچوونی‌ تاوانباران”، دڵنیاشم كردنه‌وە كه‌ ئه‌وەی‌ له‌ تواناماندا بێت دەیكه‌ین و خۆمان به‌ هاوبه‌شی‌ خه‌متان دەزانین.

سه‌رۆك بارزانی نووسیوویه‌تی‌، “سه‌بارەت به‌ تاوانه‌كە برووسكه‌یه‌كم بۆ مه‌لا عه‌لی‌ عه‌بدولعه‌زیز نارد، ناوبراو وەڵامی‌ دامه‌وە كه‌ ناوەڕۆكه‌كه‌ی‌ وابوو، “سه‌بارەت به‌ برووسكه‌ و پرسیارتان ، سه‌بارەت به‌ تاوانی‌ دەستدرێژی‌ بۆ سه‌ر قه‌بری‌ شێخانی‌ بیارە و باغه‌كۆن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بیستنی‌ هه‌واڵه‌كه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵامان ناردووە بۆ لێكۆڵینه‌وە و هه‌واڵی‌ ڕاستی‌، ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وە و له‌به‌ر ناسازی‌ و شه‌ڕ و ئاژاوە، نه‌یانتوانیوە بڕۆنه‌ سه‌ر قه‌برەكان كه‌ دیارە دەستكاری‌ كراون له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ شێت و نه‌فام و پیاوی خراپه‌وە، دیارە به‌ پیلانی‌ دوژمنان كراوە، به‌هه‌رحاڵ ئه‌و كارە لای‌ هیچ مسوڵمان و عاقڵێك قبووڵ نییه‌”.