بۆچی مام جەلال گوتی ئەگەر مەسعود بارزانی نەچێت منیش بەشداری ناکەم ؟
سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە 482 تا 487 بەرگی پێنجەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی ساڵانی 1991 تا 2002 ، ( بانگھێشتنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەردانی واشنتۆن ) ، دەکات و لەم بارەیەوە نووسیوویەتی:
لە بەردەوامیی جموجۆلە دیپلۆماسییەکاندا ڕۆژی 26ی تەمموزی 2002 پەیامێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مان پێ گەیشت پەیامەکە ئاراستەی مەسعود بارزانی و مام جەلال و ئەحمەد چەلەبی و شەریف علی و ئەیاد عەلاوی و باقر حەکیم کرابوو ، داوا کرابوو کە لەسەر بانگھێشتنامەی جێگری وەزیزی دەرەوەی ئەمریکا مارک گرۆسمان و دۆگڵاس فایت لە وەزارەتی بەرگری پنتاگۆن سەردانی واشنتۆن بکەین.
بۆ چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی 28ی تەمموزی 2002 کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیمان بەڕێوەبرد دوای گفتوگۆی نێوان ھەڤاڵان بڕیاردرا ھەڤاڵێک سەردانی مام جەلال بکات بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و یەکخستنی ھەڵوێستەکان بۆ ئەم مەبەستە دکتۆر رۆژمان ناردە لای مام جەلال ، دوای دیتنی مام جەلال ئەمە ڕەئی مام جەلال بوو:
” خۆمان قورس ڕاگرین ئەگەر مەسعود بارزانی نەچێت منیش بەشداری ناکەم “داوا بکەن ئاستی بەشداربووان بەرز بێت و کۆبوونەوەکان لەگەڵ دیک چینی و رامسفێلد و کۆڵن پاوڵ بێت ئەگەر کۆبوونەوەکان لەم ئاستە نەبێت خۆمان بەشدار نەبین و ھۆشیار و بەرھەم بەشدار بکەن ، داوا بکەین ڕاستەوخۆ لە کوردستانەوە بچینە ئەمەریکا نەک بەو وێستگانەدا برۆین کە لە پێشماندان .