ڕوونکردنەوەیەک لە پارێزگاى هەولێرەوە
دواى ئەوەى بەڕێز هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر، لە دیمانەیەکدا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیى لە سەرى ساڵ و خستنە ڕووى ڕێنماییەکان و هاتنى گەشتیاران بۆ یەکێک لە کەناڵە کوردییەکان لێدوانى داوە و باسى لە بڕیارێکى پارێزگاى هەولێر کردووە کە لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیەکانى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و گەشت و گوزارى هەولێر هۆشدارى بە ڕێستورانت و کافێکان دراوە کە شوێنى خێزانین و لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک لایف موزیکیان هەیە “دەبێت گۆرانى کوردى پێشکەش بکرێت”، لەلایەن کەناڵى NRT و چەند پەیج و ئەکاونتێکى بێ خاوەن و گوێ لەمست، کە تەنها مەبەستیان کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنتە، دوور لە هەموو بەرپرسیاریەتی و ڕەوشتێکى کارى ڕاگەیاندن و ئیتیکى ڕۆژنامەوانى، لێدوانەکەى بەڕێزیان شێواندووە و بەشێوەیەکى تر بڵاویانکردۆتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە بەڕێز جێگرى پارێزگارى هەولێر بە هیچ شێوەیەک لێدوانى بۆ ئەوان نەداوە.
لێرەوە بە پێویستى دەزانین بە هەموو لایەکى ڕابگەێنین هەموو ئەوانەى بەناوى بەڕێز جێگرى پارێزگارى هەولێر و لە سەرزارى ئەو بڵاو کراوەتەوە، دوورن لە ڕاستى و مەبەست لێى تەنها و تەنها بە لاڕێبردنى هاوڵاتییان و پەخش کردنى چەواشەکارییە، کە ئەمەش مە بەست و ئامانج و پیشەى سەرەکى ئەوانە.
ڕاگەیاندنى پارێزگاى هەولێر
2022.12.28