وەڵامێک بۆ پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، کاروان عبدالرحمان گەزنەیی
ماوەیەکە ئەم پەرلەمانتارە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەستى کردووە بە بڵاوکردنەوەى هەواڵى چەواشەکارى لەسەر وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە کاتێکدا وەزارەت هەر کارێکى ئەنجام دابێت لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکانى وەزارەت و بۆ جێبەجێکردنى ئامانجەکانیەتى بەتایبەتى پرسی جینۆسایدى گەلى کوردستان کە ئەرک و ئامانجى سەرەکى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانە، دوای ئەوەی ئەم پەرلەمانتارە، لە بڵاوکراوەکەی ئەمجارەى دا دەنگۆیەکی بڵاوکردۆتەوە گوایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە کۆمپانیاکە بوونی نییە بە پێویستمانزانی ڕاستی بابەتەکە بۆ ڕای گشتی و پەرلەمانتاری ناوبراو بڵاوبکەینەوە.
دوای ئەوەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە نووسراوى ژمارە ١٩٧ لە ڕێکەوتى ٧ـی١١ـی٢٠٢٢ ، بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ دەزگای دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد و دەزگای (KG Lobby Center)،نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کرد،سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتى ٩ـی ١١ـی ٢٠٢٢ نوسراوی وەزارەتی ناوبراوی بەرزکردۆتەوە بۆ نوسینگەی بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ دەزگاکانی ناوبراو، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەژێر ڕۆشنایی ڕەزامەندی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەنووسراوى ژمارە ١٦٥٣٦ ،لە ڕێکەوتى ١٣ـی ١١ـی ٢٠٢٢ڕەزامەندیەکەى ئاراستەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کرد.
ئەگەر چى دەبوو ناوبراو بۆ ئەم بابەتە پەیوەندى بە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بکردایە، بەداخەوە هەندێک لە کەسانى نابەرپرس ڕۆژانە خەریکى هەواڵى چەواشەکارین بۆ بێ بەهاکردنى سەروەرییەکانى کوردستان، بەم هەواڵە ناڕاستانەش دەیانەوێت ڕاستیەکان بشێوێنن و بەربەست لە بەردەم سەرکەوتنەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان درووست بکەن بەڵام کاروانى خزمەتگوزارییەکانى وەزارەتمان بێ گوێدانە هیچ موزایەدەیەکى چەواشەکاران بەردەوام دەبێت.
هەر هەنگاوێک نرابێت بە ڕێکارى یاسایى ئەنجامدراوە ئەو کەسانەى لە هەرێمى کوردستان بەهاو پیرۆزیەکانیان لە دەست داوە و دەیانەوێت موزایەدە بە شکۆى خەڵکى بەشمەینەتى ئەم کوردستانەوە بکەن.
کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان زۆر لەوە گەورەترن کە متمانە بەم جۆرەکەسانە بکەن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
٥ /۱۲/ ۲۰۲۲