سلێمانی ٣٠ ساڵە باجی تاکڕەوی حوکمڕانی یەکێتی دەدات
سۆران خاکی:
سلێمانی ٣٠ ساڵە باجی تاکڕەوی حوکمڕانی یەکێتی دەدات، لە زاری خۆیانەوە سەرکردایەتی یەکێتی دەیانجار ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە ئەوان یەک کورسیش بێنن هەر یەکێتین و بردوویانەتەوە، ئەمە بە مانا ئاساییەکەی ئەوەیە کە ئەسلەن یەکێتی باوەڕی بە هەڵبژاردن و ئەنجامی هەڵبژاردن نیە بەڵکو ئەقڵیەتی هێز حوکم دەکات، ئەوەمان بە نموونەی زیندوو بینیووە کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبوونیدا تەپڵی بە یەکێتی لێدا بە جۆرەها شێوازی تەزویریش یەکێتی نەیتوانی پێگەی خۆی بپارێزێت لە بەرامبەر گۆڕان دا و تووشی شکستێکی گەورەهات، بەڵام دواجار یەکێتی لەژێر سێبەری لۆژیکی هێز و هەژموون دا تەسلیم نەبوو و دەسەڵاتی شارەکەی ڕادەست نەکرد، بێ ئیرادەیی گۆڕانیش دواجار کەڵەگاییەکەی یەکێتی لە سنوورەکە سەپاند .
سلێمانی لە هەموو ڕوێکەوە، ئابووریەن و سەربازیەن و ئیداریەن لەژێر قەڵەمڕەوی یەکێتی دایە، دینارێکی سنوورەکە بێ ئۆکەی یەکێتی ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت، کەوایە بە هەموو پێوەرێک یەکێتی بەرپرسە لەم هەموو کەم و کوڕی و خواروخێچیەی لە سنوورەکە هەیە، یەکێتی نە دەسەڵات ڕادەستی لایەنی دیکە دەکات بۆ خزمەتکردنی شارەکە، نە خۆیشی پارەو داهاتی دزراوی سنوورەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ خزمەتی شارەکەو خەڵکەکەی .