چیرۆکی مام ڕەمەزان کەرکووکی

مام ڕەمەزان کەرکووکی ، ٣١ ساڵە لەناو ھەورامیەکان دەژیت ھەستی بە غەریبی نەکردووە.
مام ڕەمەزان پیاوە کەرکووکیەکەی ھەورامان چۆن ڕێی لە ھەورامان کەوت؟ چۆن باسی ژیانی خۆی دەکات؟
مام ڕەمەزان باسی چیرۆکی خۆی دەکات و دەڵێت:
مام ڕەمەزان پیاوە ماندو و ڕوخسار گەشەکە دەلێت: من خەڵکی کەرکووکم پاش کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ ئێمەش وەک زۆربەی خێزانەکان لەگەڵ هاوسەرەکەم و سێ منداڵم ئاوارەی ئێران بووین و ڕوومان لە شاری پاوە کرد بەمەبەستی مانەوەمان لەوێ، بەڵام تەنها ٢٠ ڕۆژ لەوێ ڕێگەمان پێدراو دیسانەوە ئاوارەبووینەوە،پاشان ڕوومان کردەوە کوردستانی عێراق و هاتینە ناوچەی هەورامان و لە ناحیەی بیارە لەناو باخێکدا خێمەمان هەڵداو نیشتەجێ بووین تا ئاوەدان بویەوە،پاشان بەهۆی ئاوەدانکردنەوەی بیارەوە دەستم دایە ئیش کردن و بە کرێکاری بژێوی ماڵ و منداڵم پەیدا دەکرد،لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە بیارە دەژیم،
مام ڕەمەزان لەبارەی هەڵسووکەوتی خەڵکی هەورامان بەتایبەت بیارە چی دەڵێت؟
زۆر لێیان ڕازین و نەرموونیانن و جوانترین مامەڵەیان لەگەڵ کردووین،بەشێوەیەک هەرگیز هەستمان بەغەریبی خۆمان نەکردووە
مام ڕەمەزان باسی کارەکەی دەکات و دەڵێت:بە هۆی هەڵکشانی تەمەنمەوە ناتوانم هەندێک ئیش بکەم،وە خاوەنی هیچ مووچەیەکیش نیم،لە ئێستادا تەنها چاودێری گەراجێکی ئۆتۆمبێلم بەڕۆژانەی ٥٠٠٠ دینار،وتیشی ئەمەش تەنها لەبەر ئەوە دەکەم لەبری ئەوەی بەبێ کار بگەڕێم دێمە ئێرەو کاتەکانی ڕۆژانەم لێرە بەسەر دەبەم، وە وتیشی لەلایەن کوڕەکانیشمەوە هەندێکجار هاوکاری دەکرێم،شایەنی باسە مام ڕەمەزان خاوەنی سێ کوڕە و هاوسەرەکەی ٣ ساڵ پێش ئێستا کۆچی دوایی کردووە،ئەوەی کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا بەو هەموو نەهامەتییەوە کە بەسەری هاتبوو،هەر سوپاسگوزاری خوای گەورە بوو،هیچ بێزارییەکم لە قسەکانیدا بەدی نەکرد.