پنتاگۆن: ئێران هێرش دەكاتە سەر عێراق و سعودییە
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، ئەمریكا زانیاریی باوەڕپێكراوی هەیە سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر سعودییە و عێراق.
چەند بەرپرسێکی پنتاگۆن كە نەیانویست ناوەكانیان ئاشكرا بكەن، بە ڕۆژنامەی پۆلیتیكۆی ئەمریكی یان ڕاگەیاندووە، ئەمریكا زانیاری باوەڕپێكراوی لەبەردەستدایە كە ئێران ئامادەكاری پێویستی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر ژێرخانی وزەی سعودییە و عێراق.
هەروەها ڕایگەیاندووە كە ئەمریكا و سعودییە و عێراق لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكان دەكەن و ئەمریكا فڕۆكە بۆمب هاوێژە بەناوبانگەكانی B٥٢ ی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەر جۆرە هێرشێكی ئێران ببێتەوە.
وەك دەزانرێت لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژنامە جیهانییەكان باسی ئەو ڕاستییەیان كرد كە ئێران دەستی كردووە بە ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر هەولێر و ڕیاز.
لە لایەكی دیكەوە، پێنجشەممەی ڕابردوو، ڕاوێژكاری ڕێبەری ئێران هەڕەشەی لە سعودییە كرد و ڕایگەیاند :
ئەگەر میدیاكانی وڵاتانی كەنداو بەم شێوەیە باس لە كارەكانی ئێران بكەن، ئەوا ئەم وڵاتانەی كەنداو باجێكی زۆریان لەسەرە.