یاریکردن لە جامی جیهانی خەونی هەموو یاریزانێکە و نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیان لەسەر شانۆیەکی جیهانیی بە خزمەتی وڵاتەکەیان دەزانن و هاوکات ناوبانگێکی زۆریش بۆ خۆیان دەهێنێت.
یاریزانان
سوودی یاریزانان لە جامی جیهانی تەنها مۆڕاڵی نییە و قازانجی داراییش دەکەن کاتێک بانگهێشتی ئەو پاڵەوانێتییە دەکرێن بەڵام زۆر کەمترە لە موچەکانیان لە یانەکانیان و بەپێی هەڵبژاردەکانیش دەگۆڕێت.
هەڵبژاردە گەورەکان لەکاتی بردنەوەی پاڵەوانێتییە ملیۆنەها دۆلار دەدەن بە یاریزانان، جگە لەوەش موچەیەکی کەم وەردەگرن، بۆ نموونە کایلیان ئێمباپێ ١٧ هەزار پاوەندی هەبوو بۆ هەر یارییەک لەگەڵ فەڕەنسا ئەنجامی دا لە مۆندیالی ٢٠١٨دا و دواتر ئەو پارەیەی بەخشییە کاری خێرخوازی. ئینگلتەرا ٢٥٠٠ پاوەندی دەدایە هەر یاریزانێک لە پێکهاتەی سەرەکی بێت لە جامی جیهانی ٢٠١٤ دا. هەروەها لە ٢٠١٨ ئینگلتەرا بەڵێنی بە یاریزانەکان دابوو ئەگەر جامەکە ببەنەوە هەر یەکەیان ٢١٥ هەزار پاوەند وەردەگرێت
بە گشتی خەڵاتەکان بەندن بە ئەنجامی تیمەکە و موچە و شایستە داراییەکانیش بۆ هەر وڵاتێک جیاوازە.
یانەکان
بۆ یانەکان دۆخەکە جیاوازە و ئەو یانانەی زۆرترین یاریزانیان لە جامی جیهانییە دەیان ملیۆن دۆلار لە فیفا وەردەگرن. فیفا ٤٤٠ ملیۆن دۆلار بەسەر ئەو یانانە دابەش دەکات کە رێگە دەدەن یاریزانەکانیان بەشداری لە جامی جیهانی بکەن. زۆرترین بڕیش کە بۆ یەک یاریزان دەیدەن دەگاتە ٣٧٠ هەزار دۆلار.
لە جامی جیهانی ٢٠١٨دا، ٤١٦ یانە لە ٦٣ وڵاتی جیاواز پارەیان وەرگرت بەهۆی بەرنامەکەی فیفا. بۆ ئەمساڵ فیفا ١٠ هەزار دۆلار دەدات وەک موچەی هەر رۆژێکی ئەو یاریزانە بە یانەکەی، موچەکەش دوو هەفتە بەر لە دەستپێکی جامی جیهانی دەست پێدەکات تا ئەو رۆژەی لە پاڵەوانێییەکەدا دەمێننەوە. پارەکەش بەسەر ئەو یانانە دابەش دەکرێت کە لە دوو ساڵی رابردوو خاوەنی ئەو یاریزانە بوون. بۆ نموونە ئەگەر یاریزانێک لە دوو ساڵی رابردوو یاری بۆ سێ یانەی جیاواز کردبێت، ئەوا کۆی پارەکە بەپێی ژمارە رۆژەکان بەسەر ئەو سێ یانەیە دابەش دەکرێت.
هەڵبژاردەکان
فیدراسیۆنی هەڵبژاردە بەشداربووەکان براوەی یەکەمی لایەنی دارایی جامی جیهانین. بۆ ئەمساڵ ئەو پارەیەی لە نێوان هەڵبژاردە بەشداربووەکان دابەش دەکرێت ژمارەی پێوانەیی شکاندووە. فەڕەنسای پاڵەوانی مۆندیالی رووسیا ٣٨ ملیۆن دۆلاری وەرگرت، بۆ جامی جیهانی قەتەڕ خەڵاتە داراییەکانی تیمی براوە دەگاتە ٤٢ ملیۆن یۆرۆ.
ووردەکارییەکان بەم جۆرەیە:
ئەو تیمانەی لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی دەکەن – ٩ ملیۆن دۆلار (١٤٤ ملیۆن دۆلار بۆ سەرجەمییان)
ئەو تیمانەی لە قۆناغی ١٦ ماڵئاوایی دەکەن – ١٣ ملیۆن دۆلار (١٠٤ ملیۆن دۆلار بۆ سەرجەمیان)
ئەو تیمانەی لە قۆناغی ٨ ماڵئاوایی دەکەن – ١٧ ملیۆن دۆلار (٦٨ ملیۆن بۆ سەرجەمیان)
خاوەن پلەی چوارەم – ٢٥ ملیۆن دۆلار
خاوەن پلەی سێهەم – ٢٧ ملیۆن دۆلار
خاوەن پلەی دووهەم – ٣٠ ملیۆن دۆلار
براوەی پاڵەوانێتییەکە – ٤٢ ملیۆن دۆلار
وەڵامێک بنووسە