محەمەد حاجی مەحمود پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت :
ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان زەرورەتێکی مێژوویی قۆناغەکەیە بە تایبەت بۆ پارتی و خەڵکی کوردستان.
دەقی پەیامەکە:
محەمەد حاجی مەحمود:
بەڕێز جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
سڵاو ڕێز …
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٤ و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم لە جەنابتان، ھەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان زەرورەتێکی مێژوویی قۆناغەکەیە بۆ پارتی دیموکرات بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی.
سیاسەتی حەکیمانەی ئێوە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەکخستنی نێو ماڵی کورد و بەھێزکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و یەکدەنگی کورد لە عێراق، ناوچەکە و جیھان. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و قوربانیدانی ئێوە گەواھیدەر و سەلمێنەری ھەوڵەکانە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی خەباتی ڕەوای میللەتەکەمان و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی کە خەونی خەڵکی کوردستانە.
مایەی شانازییە بە ھەوڵ و ھیمەتی ئێوە و دڵسۆزان و خەمخۆرانی کوردستان، گەلی کورد لە ماوەی سەرۆکایەتی جەنابتان بووە خاوەنی دەستکەوتێکی مێژوویی وەک ڕیفراندۆم کە جێگای سەربەرزی ھەمولایەکە. بەو ئومێدەی، گشت بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە بە ھەمان سیاسەتی بەڕێزتان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە خزمەتی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانە.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە یەکڕیزی هێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان دەکەینەوە کە ئەوەش هیمەتی بەڕێزتانی دەوێت.
بەهیوای سەلامەتیتان
لەگەڵ ڕێزماندا
محەمەد حاجی مەحمود
۲٠۲۲/۱۱/٦
گوڵەخانە