لە ئێران هێرش کرایە سەر مەزارگەیەکی شیعە و 15 کەس کوژران
کەمێک پێش ئێستا ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا “هێرشێکی چەکداری”یان لە ناو مەزارگەیەکی شیعە لە شاری شیراز ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 15 کەس.
ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەرییە، ئەم ڕووداوەی بە “تیرۆریست” ناوبردووە و نووسیویەتی ژمارەی هێرشبەرەکان سێ کەس بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا دوو لەو هێرشبەرانە دەستگیرکراون، هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانیش بۆ دەستگیرکردنی کەسی سێیەم بەردەوامن.
بەشێک لە ڕاپۆرتەکانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم ڕووداوەدا جیا لە کوژرانی 15 کەس، 40 کەس دیکەش بریندار بوون.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە ماوەی 40 ڕۆژە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە سەرجەم شارەکان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن ، تا ئێستا بە سەدان خۆپیشاندەر کوژراون.
لە هەمان کاتدا ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ 40ـەمین ڕۆژی مردنی ژینا ئەمینی ، کە دەوریەی ئیرشادی ئێرانی بووە هۆی مردنەکەی و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای لێکەوتەوە.
لەم ڕۆژەدا چەندین بانگەوازی ناڕەزایەتی بڵاوکرانەوە و لەنێویاندا هەزاران کەس لە شارەکانی ئێران ڕوویان لە شاری سەقز کرد و بەرە و ئەو گۆڕستانە ڕێپێوانیان کرد کە ژینا ئەمینی تێدا نێژراوە.