مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ ساڵیادی سەرکەوتنی نیشتیمانپەروەرییە بەسەر خیانەت و خاکفرۆشی دا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/10/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی قوتابیانی زانکۆی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “زانکۆی کوردستان هەولێر یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان کە توانیویەتی بە درێژایی ئەم ساڵانە چەندین قوتابی بە توانا بەرهەم بێنێت، کە زۆریان دوای دەرچوونیان توانیویانە لە کەرتی گشتی و لە کەرتی تایبەتیش رۆڵی سەرەکی ببینن لە سەرکردایەتکردن، کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە لە چۆنیەتی پێشخستنی هەرێمی کوردستان”.
گوتیشی: “ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە پێنج ساڵ پێش ئێستا ئەوڕۆژەبوو کە داستانی پردێ تێیدا تۆمارکرا، رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی گەلە بەسەر چەک و ستەم و زۆرداریدا”.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە بەبیرمان دێتەوە بە بڕوابەخۆبوون بە خۆشەویستی وڵات ئێمە دەتوانین رووبەرووی هەموو تەنگ و چەڵەمەیەک ببینەوە، وە لە ژیانی خوێندنیشدا دڵنیام بە بڕوا بەخۆبوون دەتوانن بەسەر هەموو ئاستەنگەکانی ژیانتاندا سەرکەون، تەنیا بڕواتان بەخۆتان بێت، وەک هەمیشە پێویستە ئێوە پێش هەموو شتێک بیر لە خۆشەویستی وڵاتەکەتان بکەنەوە، بیر لە پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەتان بکەنەوە و پەرە بە پرەنسیپ و پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە ئایین و نەتەوە جیاوزەکانی تر کە لە کوردستاندا دەژین بگرن”.