لەپێناو زیاتری گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و زیادكردنی بەرهەم و پاڵپشتی جوتیاران بۆ هاندانیان بۆ چاندنی دانەوێڵە، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ زیاد لە حەوت هەزار تۆن بنەتۆی گەنم بەسەر جوتیاراندا دابەشدەكات، ئەوەش بە نرخی پاڵپشتیكراو كە هەر تۆنێك بەنرخی ٢١٥ هەزار دینار كەمتر لە بازاڕ دەدرێتە جووتیاران.
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند: وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستكردن بە وەرزی چاندنی گەنم كە لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەكات، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕی زیاد لە حەوت هەزار تۆن بنەتۆی پلە یەكی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی دابەشیبكات بەسەر جووتیارانی سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە نرخی پاڵپشتیكراو.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی هەرتۆنێك لەو بنەتۆەی ئامادەكراوە بڕی یەك ملیۆن و ١٥ هەزار دینار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکەوێت، بەڵام لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و هاندانی جوتیاران بۆ چاندنی گەنم و كەمكردنەوەی بارگرانی سەرشانیان، هەمان ئەو گەنمە بۆ هەر تۆنێك بە نرخی٨٠٠ هەزار دینار دەدرێتەوە بەجوتیاران بەوجۆرەش بۆ هەر تۆنێك ٢١٥ هەزاردینار پاڵپشتی جووتیاران دەكرێت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی خستەروو، شێوازی دابەشكردن و پێدانی بنەتۆ بە جوتیاران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیارییدەكرێـت كە هەر جووتیارێك چەند بنەتۆوی پێدەدرێت، بۆیە بەگشتی ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پشتیوانی لە جوتیاران
وەڵامێک بنووسە