راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
دوای ھەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، ھەوڵەکانمان بەڕوون و ئاشکرایی بۆ رزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق لە چەقبەستوویی بەگەڕخست و، بەبێ جیاوازی لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی براوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆ دابووین و، پابەندی و رێزیشمان بۆ ئەو رێککەوتنەی ھەرسێ پێکھاتەی سەرەکی عێراق ھەبوو لە دەستنیشانکردنی نوێنەریان بۆ ئەو پۆستە سیادیەی بۆ ھەر لایەک دیاریکراوە. سەبارەت بە سەرۆک کۆماری عێراق کە پشکی کوردە، رای خۆمان بەڕاشکاوی راگەیاندوە کە بەپێویستی دەزانین کۆدەنگی گەلی کوردی لەسەربێت چونکە نوێنەری کوردە لە عێراقی فیدراڵدا، بەداخەوە ھەوڵدرا ئەم بابەتە پشتگوێ بخرێ و بەدەست تێوەردان و سەپاندنی ئیڕادە و لەدەرەوەی کۆدەنگی ئەم مافەی گەلی کورد پێشێل بکەن، بۆیە پارتیمان ھەڤاڵ (رێبەر ئەحمەد)ی کاندیدکرد بۆ ئەو پۆستە، ئێستاش کە ئەو ھەوڵەی دەدرا بۆ سەپاندنی ئیڕادە و رەچاونەکردنی کۆدەنگی کورد کە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو پڕەنسیپ بەگرنگمان زانیوە، سەرکەوتوو نەبوو و، ھەروەھا لەپێناو سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بڕیارماندا بەکشاندنەوەی ھەڤاڵ رێبەر ئەحمەد لە کاندیدی سەرۆک کۆمار، ھیوادارین کۆبونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بۆ مەبەستی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبەسترێ سەرکەوتوو بێت.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٣ی١٠ـی٢٠٢٢