ئه‌ژی ئه‌مین: “تاقمێكی تیرۆریست دەستیان به‌سه‌ر دەسه‌ڵاتی زۆنی سه‌وزدا گرتووە”

ئه‌م تیرۆر و رەشه‌كوژیه‌ به‌م شێوە نه‌گریس و نا مرۆڤانه‌یه‌ و به‌ بڕیارى سه‌رانى ئه‌و تاقمه‌ دواى پیلاندانان بۆ چه‌ندین كردەى تیرۆرستى نه‌گریس و گه‌ورەتر بووە كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ریسوا بوون و رووى ڕەشیان بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و هه‌موو لایه‌ك ئاشكرابوو ئه‌م تیرۆرە گه‌ورەیه‌ هه‌موومان دەخاته‌ به‌ردەم به‌رپرسیارێتى و مه‌ترسى گه‌ورە و ئاماژەیه‌كى راست و روونه‌ به‌وەى كه‌ ئه‌و دەسته‌و تاقمه‌ تیرۆرستیه‌ چۆن هه‌موو سنورێكیان به‌زاندووە و هیچ یاسا و ڕێسا و ئه‌خلاقێك نازانن و پێویسته‌ وەك تیرۆریست له‌زیندانه‌كان توندبكرێن و سزا بدرێن نه‌ك ناو و ناسنامه‌ى دژەتیرۆر هه‌ڵبگرن.
ئێمه‌ وەك لایه‌نى به‌رپرسیار له‌و دۆزە، هه‌روەها وەك هاوڕێ و به‌رپرس و هاوكارى عه‌قید هاوكار، به‌رپرسیارێتى گه‌ورەمان له‌سه‌ر شانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ شه‌هیدەمان و زۆر به‌ ڕوونى ئه‌و راستیه‌ش بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا دەكه‌ین كه‌ پیلانى تیرۆرستانه‌ى ئه‌و تاقمه‌ زۆر له‌وەش گه‌وره‌تر بووە، زۆر به‌ڵگه‌ى تر له‌به‌ردەستدان سه‌بارەت به‌ تاوانباران و سروشتى هه‌ستیار و مه‌ترسیدارى ئه‌و تاوان و پیلانه‌ى كه‌ ئامانجى له‌وە گه‌وره‌ترى له‌ پشت بووە، شه‌هیدبوونى عه‌قید هاوكار خه‌سارەتێكى زۆر گه‌ورەیه‌، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا به‌ هاوكارى هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوەندیدارەكان زۆر به‌ وریاییه‌وە توانرا دەست به‌جێ تاوانبارانى تیرۆریست ئاشكرا و دەستگیر بكرێن و ئه‌و پیلانه‌ نه‌گریسه‌ له‌و ئاسته‌دا ڕابگیرێت .
دەنا ئه‌وەى ڕاگه‌یه‌ندراوە و ئه‌وەى كه‌ روویداوە به‌شێك له‌ پلانى تیرۆرستانه‌ى ئه‌و تاقمه‌ تاوانبارەیه‌ و لایه‌نێكى هه‌رەزەقى پیلان و تاوانه‌ قێزەونه‌كه‌یانه‌، زۆر به‌ڵگه‌ و تاوانى دیكه‌ ماون كه‌ ئاشكرا دەكرێن و تاوانباران به‌ سزاى رەواى خۆیان دەگه‌ن.
ئێمه‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنیا دەكه‌ینه‌وه‌ و په‌یمان به‌ كه‌س و كارى شه‌هید هاوكار و شه‌هیدانى دیكه‌ى ڕێگه‌ى خه‌باتمان دژى تیرۆر و رەشه‌كوژى دەدەین كه‌ خوێنیان به‌ زایه‌ ناچێت، تاوانباران و داڕێژەرانى ئه‌و پیلانه‌ تیرۆرستیه‌ به‌ سزاى توندى خۆیان دەگه‌ن، هه‌موو ڕێگایه‌كى یاسایى و رەوا هه‌موو ڕێوشوێنێكى ئه‌منى و هه‌واڵگرى و سه‌ربازى دەگرینه‌ به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیارى دادگا و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و پاراستنى ئه‌و دامه‌زراوانه‌ و دەبێت هه‌موو تاوانباران به‌سزاى رەواى خۆیان بگه‌ن.
هه‌ر لێرەوە داواكارین له‌ ته‌واوى هاوڵاتیان، به‌تایبه‌ت له‌ هێزە ئه‌منى و هه‌واڵگرى و سه‌ربازیه‌كان، و به‌ هێزە هاوپه‌یمانه‌كانیشمانه‌وە هاوكارى و پشتیوانىی ته‌واومان بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ى دەستگیركردن و به‌سزا گه‌یاندنى ئه‌و تاوانبارانه‌ و كۆتایپێهێنان به‌م دۆخه‌و به‌م تاقمه‌ تیرۆرستیه‌.
هه‌موو لایه‌ك ئاگاداردەكه‌ینه‌وە له‌وەى داڵدەدانى ئه‌و تاوانبارانه‌ و پاراستن و شاردنه‌وەیان یاخود هه‌رچه‌شنه‌ هاوكاریه‌كیان به‌شداریه‌ له‌و تاوانه‌دا و دەیانكات به‌ شه‌ریكى تاوان و تیرۆر.
به‌ پێچه‌وانه‌وە چاوه‌ڕوانى ئێمه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك به‌تایبه‌ت له‌ دەزگا ئه‌منى و سه‌ربازیه‌كانى ئه‌و زۆنه‌، چاوەڕوانیمان له‌ سه‌ركردایه‌تى و كادیرانى دڵسۆز و هێزەكانى پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێڕانى یه‌كێتى به‌تایبه‌تتر، ئه‌وەیه‌ كه‌ هاوكار و پشتیوانى ڕاسته‌قینه‌مان بن له‌ كۆتایی هێنان به‌م دۆخه‌و به‌ سزا گه‌یاندنی ئه‌و تاقمه‌ مافیا ئاسایه‌دا .
مه‌رگ و سه‌رشۆڕى بۆ تیرۆرست و خیانه‌تكاران .

ئه‌ژی ئه‌مین
سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری
12/10/2022