هاوپۆل: وەرزش

  • فەرمی: یۆنان میوانداری جامی سوپەری ئەوروپی دەكات

    فەرمی: یۆنان میوانداری جامی سوپەری ئەوروپی دەكات

    یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا یوفا بە شێوەیەكی فەرمی ڕایگەیاند كە میوانداریكردنی جامی سوپەری ئەوروپی لە ڕوسیا وەرگرتەوە و بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوانیان لەگەڵ ئۆكرانیا.

    وا بڕیار بوو شاری كازان میوانداری یاری جامی سوپەری ئەوروپا بكات كە لە نێوان براوەی چامپیۆنزلیگ و براوەی یۆرۆپا لیگ ئەنجام دەدرێت.

    لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا كە یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بڵاویكردووەتەوە كشانەوەی میوانداریكردنی جامی سوپەری ئەوروپای لە ڕوسیا ڕاگەیاند.

    هەروەها لە بەیاننامەكەشدا ڕایانگەیاند كە یاری سوپەری ئەوروپا دەگوازرێتەوە بۆ یاریگای جۆرجیۆس كارایسكایس لە ئەسینای پایتەختی یۆنان.

    وا بڕیارە یاریەكە لە بەرواری ١٦ی مانگی ٨ لە سەرەتای وەرزی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.

  • ئانچێلۆتی: تۆپی پێ پێویستی بە یاریزانی هاوشێوەی ڤینیسیۆسە

    ئانچێلۆتی: تۆپی پێ پێویستی بە یاریزانی هاوشێوەی ڤینیسیۆسە

    کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا باس لە تواناکانی ڤینیسیۆس جونیۆر، هێرشبەری لاوی بەڕازیلی یانەکەی دەکات.

    راهێنەرە ئیتاڵیەکەی شاهانەکان، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاری یانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید گووتی “ تۆپی پێ پێویستی بە یاریزانی هاوشێوەی ڤینیە، ئەو خاوەنی بەهرە و تاکتیکی باشە و، هیوادارم ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر دەکرێن، نەبێتە هۆی بێزاربوونی “. راهێنەرەکەی مێرنگی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بە یەدەگ بوونی کرووس و مۆدریچ لە یاری رابردوو کرد و گووتیشی “ ئەوان دوو یاریزانی بە ئەزموونن و تێدەگەن بۆچی هەندێجار لەسەر کورسی یەدەگن “.

    بڕیارە شەوی داهاتوو هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یەکتری ببنەوە.

  • هۆکاری دوورکەوتنەوەی کریستیانۆ و مێندێز ئاشکرابوو

    هۆکاری دوورکەوتنەوەی کریستیانۆ و مێندێز ئاشکرابوو

    دەنگۆی دوورکەوتنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەگەڵ خۆرخی مێندێزی بریکاری کارەکانی ئەو یاریزانە ماوەیەکی زۆرە بڵاوبۆتەوە.

    مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە نوێترین هەواڵیدا باس لە هۆکاری ئەو دوورکەوتنەوە دەکات، بە پێی ڕۆژنامە ئیسپانیەکە کریستیانۆ دوای ڕۆشتنی لە مان یونایتد بە مێندێزی ڕاگەیاندووە ” دەبێت بمگەیەنیت بە یەکێک لەم دوو یانەیە، بایرن میونشن یان جێلسی ئەگەرنا پەیوەندی نێوان من و تۆ کۆتایی دێت”

    لە وەڵامیشدا مێندێز بە کریستیانۆی وتووە ” تۆ شێتی ! “، بەمەش پەیوەندی نێوانیان لاواز بووە و تاوەکو کریستیانۆ خۆی بڕیاڕی پەیوەندی کردنی بە نەسڕی سعودیەوە داوە.

  • جیرو باسی پیلانگێڕییەکانی دژی بنزیما دەکات

    جیرو باسی پیلانگێڕییەکانی دژی بنزیما دەکات

    ئۆلیڤیێ جیرو، یاریزانی یانەی میلان رەتیکردەوە هیچ پیلانگێڕییەک لە دژی کەریم بنزیما کرابێت.

    ئۆلیڤیێ جیرو، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵ پڵەس روونیکردەوە، لە دوای بڕیاری دوورخستنەوەی بنزیما لە جامی جیهانی، بە بنزیمام گوت، هەموومان بە پێکانەکەت و چوونە دەرەوەت لە کەمپی جامی جیهانی نیگەرانین.

    جیرو رەتیکردەوە، بەشێک لە یاریزانانی فەرەنسا پیلانگێڕیان لە دژی بنزیما گێڕا بێت و روونیکردەوە، زۆرێک هەبوون هەوڵیان دەدات، بە دوای ناکۆکییەکانی نێو هەڵبژاردەی فەرەنسا بگەڕێن و قەیران دروست بکەن، بەڵام لەراستیدا هیچ جۆرە بابەتێکی لەم شێوەیە نەبوو.

    ئۆلیڤیێ جیرو لە دوای دوورخستنەوەی بنزیما، بووە یاریزانی سەرەکی لە پێکهاتەکەی دیدیێ دیشان و توانی سێ گۆڵ لە مۆندیال بکات و بووە گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی فەرەنسا.

    بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی قەتەر، ماسوولکەی پێی بنزیما تووشی پێکان بوو، ئەمەش وایکرد، بەر لە یەکەمین یاری کەڵەشێرەکان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوسترالیا، کەمپی راهێنانەکان جێبهێڵێت.

    لە دوای رووداوەکان، ناکۆکییە بێ دەنگییەکەی نێوان بنزیما و دیشامب دەرکەوت و ئەستێرەکەی ریال مەدرید، بڕیاری وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی راگەیاند.

  • کۆنتی ریزەکانی تۆتێنهام جێدێڵێت

    کۆنتی ریزەکانی تۆتێنهام جێدێڵێت

    ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانەکەی بێنێت.

    جیانلوکا دی مارزیۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، راهێنەرەکەی سپێرز لە بارودۆخی یانەکەی رازی نیە، هەروەها پەیوەندیشی لەگەڵ کارگێری یانەکەی باش نیە، ئەمانە وایان کردووە ئەو راهێنەرە بیر لەوە بکاتەوە، کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانەکەی باکووری لەندەن بێنێت.

    کۆنتی تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ یانەی تۆتێنهام هەیە، بە گووتی دی مارزیۆ، یانەکەشی ئامادەنیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.

  • بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە سیستەمی ڤار ڕاگەیاندرا

    بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە سیستەمی ڤار ڕاگەیاندرا

    لە کۆبونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی فیفادا پشتگیری خۆیان بۆ چەند پێشنیارێکی تایبەت بە سیستەمی ڤار دووپاتکردەوە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو سیستەمە.

    لە گرنگترین پێشنیارەکاندا ئاشکراکردنی گفتوگۆی نێوان ناوبژیوان و ژووری ڤارە بۆ هاندەران لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکانەوە، ئەم بڕیاڕەش بۆماوەی ١٢ مانگ لەژێر تاقیکردنەوەدا دەبێت تاوەکو ڕاگەیاندنی بڕیاڕی کۆتایی.

    یەکەم پاڵەوانێتیش کە ئەوکارەی تێدا جێبەجێ بکرێت مۆندیالی یانەکان دەبێت کە بڕیاڕە لە یەکی مانگی داهاتوودا لە وڵاتی مەغریب بەڕێوەبچێت.

    سیستەمی ڤار بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێکرا بۆ یارمەتیدانی ناوبژیوان و دادپەروەری لە تۆپی پێدا.

  • چوامینی داوای لێبوردن دەکات

    چوامینی داوای لێبوردن دەکات

    ئۆرلین چوامینی، ناوڕاستکاری فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، بەهۆی ئامادەبوونی لە یارییەکی خولی باسکەی وڵاتەکەی داوای لێبوردن لە هاندەرانی یانەکەی دەکات.

    شەوی رابردوو شاهانەکان لە قۆناغی شازدەی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی ڤیاریال بووەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە ناوەڕاستکاری ئەو یانەیە لە یارییەکی خولی باسکەی وڵاتەکەی لە پاریس ئامادەبوو، هەر ئەمەش وایکرد کاردانەوەیەکی زۆر بە دوایدا بێت، بۆ ئەو یاریزانە لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە دوای لێبوردن دەکات.

    چوامینی پێش ئەوەی یانەکەی گەشتی سعوودیە بکات بۆ ئەنجامدانی یاریی سۆپەری ئیسپانیا، تووشی پێکان بوو و لەو کاتەوە بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی نەکردووە.

  • كاسیمیرۆ ناتوانێت بەرامبەر ئەرسیناڵ بەشداری بكات

    كاسیمیرۆ ناتوانێت بەرامبەر ئەرسیناڵ بەشداری بكات

    یانەی مانچێستەر یۆنایتدی ئینگلیزی گورزێكی كوشندەی بەركەوت پێش ڕووبەڕووبوونەوەكەیان بەرامبەر ئەرسیناڵی پێشەنگ.

    وا بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو لە یاری لوتكەی ئەو هەفتەیەی پریمەرلیگدا ئەرسیناڵ لە یاریگای تایبەت بە خۆی میوانداری مانچێستەر یونایتد بكات، لە میانەی یاریەكانی هەفتەی ٢١ی خولی ئینگلیزیدا.

    لەو یاریەدا كاسیمیرۆ ئەستێرەی هێڵی ناوەندی مانچێستەر یۆنایتد ناتوانێت بەشداری بكات.

    لە یاریەكەی شەوی ڕابردووی شەیتانە سوورەكاندا بەرامبەر كریستاڵ پاڵاس كاسیمیرۆ كارتێكی زەردی وەرگرت و بەوەش ژمارەی كارتەكانی بۆ پێنج كارت بەرز بوویەوە و بەهۆی كەڵەكە بوونی كارتەكانیەوە بەرامبەر ئەرسیناڵ ناتوانێت بەشداری بكات.

    مانچێستەر یۆنایتد بە كۆكردنەوەی ٣٩ خاڵ لە پلەی سێیەمی خولی ئینگلیزی دێت.

  • نوێترین زانیاری لەسەر چارەنووسی زیدان

    نوێترین زانیاری لەسەر چارەنووسی زیدان

    زینەدین زیدان، راهێنەری فەرەنسی دوای بێ هیوا بوون لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی، پێدەچێت لەگەڵ یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەستبەکار ببێتەوە.

    ماڵپەری Le١٠Sportـی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە ئەفسانەی وڵاتەکەیان کردووە و بڵاویکردووەتەوە، زیزۆ دوای ئەوەی لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەیان بێ هیوا بوو، چاوەڕێ چارەنوسی راهێنەری خانمە پیرەکە دەکات، بەڵام ئەمەیان پەیوەستە بە ئەنجامەکانی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ و، هەروەها کارگێری نوێی یانەکە.

    سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە، لە حاڵەتێکدا زیدان دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی ئالێگری، ئەگەر یانەکە لە چامپیۆنزلیگ لە قۆناغی شازدە دەربکرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت چاوەڕێ وەرزی داهاتوو بکات.

  • ئەلشێخ: ڕۆناڵدۆ پرسیاری لێكردم كێ باشترە من یان مێسی

    ئەلشێخ: ڕۆناڵدۆ پرسیاری لێكردم كێ باشترە من یان مێسی

    توركی ئەلشێخ، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی كات بەسەربردن لە سعودییە و سەرۆكی یانەی ئەلمیریای ئیسپانی، گفتوگۆیەكی نێوان خۆی و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی ئاشكرا كرد.

    ڕۆناڵدۆ دوای پەیوەندیكردنی بە یانەی نەسڕی سعوودیەوە یەكەم یاری خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە لە ڕیاز بەرامبەر پاریس سان جێرمان ئەنجام دەدات و سەركردایەتی ئەستێرەكانی هیلال و نەسڕ دەكات بەرامبەر یانە فەڕەنسیەكە.

    ئەلشێخ كە پەیوەندیەكی گەورەی لەگەڵ یاریزانەكان هەیە لە بەرنامەیەكدا ڕایگەیاند: پەیوەندیم بەهێزە لەگەڵ یاریزانەكان، دوێنێ ڕۆناڵدۆ پرسیاری لێكردم كێ گەورەترینە، من یان مێسی.

    لە درێژەی قسەكانیدا ووتی: وەڵامم دایەوە و ووتم نە تۆ و نە مێسی، بەلای منەوە ماڕادۆنایە، هەردووكتان نایابن و یەكێكن لە گەورەترین یاریزانەكانی جیهان، بەڵام بۆ من ماڕادۆنا باشترینە، بەڕای من ئەوە ڕاستییەكە، ئەوەم نەوت تا لە پرسیارەكە ڕزگارم ببێت، ئەوان گەورەترینن بەڵام لە دوای مارادۆنا.

    ڕۆناڵدۆ بە گرێبەستێك و تا ساڵی ٢٠٢٥ پەیوەندی بە یانەی نەسری سعودیەوە كرد، بەڵام بەهۆی سڕكردنی بۆ دوو یاری تا ئێستا لەگەڵ ئەو یانەیە دەرنەكەوتووە و یاری ئەنجام نەداوە.