هاوپۆل: Uncategorized

  • باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق گەیشتە لای سەرۆک بارزانی

    باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق گەیشتە لای سەرۆک بارزانی

    سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق دەکات

    ڕۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز هانس ساندی باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق کرد.

    لەم دیدارەدا کە باڵیۆزی هۆلەندا کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەیوەندییانە دەربڕی کە لە نیوان هەرێمی کوردستان و هۆلەندا دا هەیە و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکاربوونە بۆ بەردەوامی و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و کشتوکاڵ و وەبەرهێناندا. هەروەها بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەولەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە.

    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی باڵیۆزی هۆلەندای کرد لە ڕابردوودا و هیوای سەرکەوتنی لە کاری نوێیدا بۆ خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی پەیوەندیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و هۆلەندای لە هەموو بوارەکاندا بەرز نرخاند. سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە گەلی کوردستان دۆستەکانی خۆی لەبیرناکات و سوپاسی گەل و حکومەتی هۆلەندای کرد کە لە کاتیی تەنگانەدا دەرگایان بە ڕووی ئاوارەکانی کوردستاندا کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆلی هۆلەندا لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش و چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کە ڕۆلی بەرچاویان بینیووە.

    بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

  • سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات

    سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات

    سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات

    ئەمڕۆ دووشەممە 6/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هانس ساندی باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کرد بوو.

    سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی دوو لایەنە .

    هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی هۆڵەندا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پشتگیریکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی.

    سەرۆکی حکومەت هیوای سەرکەوتنیشی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

    باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد كە ڕێژەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا دووهێندە زیاتر بووە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

    دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

  • بەشدار بازیانی : بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی بەبەڵگەوە قاچاخچیەتی دووگ و جگەری بەستوو دەکەن و شەریکی ئیدارەی گشتی یەکێتین ..!

    بەشدار بازیانی : بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی بەبەڵگەوە قاچاخچیەتی دووگ و جگەری بەستوو دەکەن و شەریکی ئیدارەی گشتی یەکێتین ..!

    ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری فەزاحەتێکی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی دەخاتەڕوو کە ماوەیەک پێش ئێستا بە فیتی چەمد لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکتی خوێندنییان لە سلێمانی پەکخست

    🔸بابەتەکە بە ناونیشانی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی بەبەڵگەوە قاچاخچیەتی دووگ و جگەری بەستوو دەکەن و شەریکی ئیدارەی گشتی یەکێتین…!بڵاوکراوەتەوە

    🔶قاچاخچیەتی دووگ و جگەری بەستوو جگە لە ئیدارەی گشتی بەئاگاداری و هاوکاری (ڕەیان کلدانیش) بووە

    🔶بەڵگە و مەلەفەکان بەدواداچونی خۆمن و بەتەواوی لێیان بەرپرسم و دەیان بەڵگەی تریشم هەن

    ئەو ڕۆژنامەنووسە نووسیویەتی ، وەکو پێشتر وەعدم پێدابوون مەلەفی دووەمی ئەندامانی بەڕێوەبەری خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیتان بۆ دادەنێم، وەکو ئەرکێکی سەحەفیانەم و بێ هیچ لایەنگیریەک و بەپێی ئەو بەدواداچون و لێکۆڵینەوانەی من لە چەند مانگی ڕابردوودا مەیدانی کردوومن ، دوو ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی خەریکی کاری قاچاخچیەتی و هێنانی ( دووگ و جگەری بەستووی قاچاخ و ڕێگا پێنەدراو بوون و هەن ئێستاش، بەوەش ژیانێکی باشیان پێکەوە ناوە ، ئۆتۆمبێلی فەخم و خانوی ڕاقی )! .

    بەشدار بازیانی دەڵێت ، بەپێی بەڵگەکانی من ئەوو دوو مامۆستا قاچاخچیە هاوپشک و شەریکی (ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن) و بە اجازەی کۆمپانیایەکی هاوردەکار بەناوی ( ع،ص.م) دەنێرن و دەچن لە تورکیا و ئێران دووگ و جگەرە قەدەغەکان دەکڕن و بەڕێگای مەرزی باشماخ (بناوەسوتە+ ڕێگای سەرەوە ) بەشێوەی ( ئیتیفاق) بۆیان داخل دەکرێت .

    ئاماژە بەوەش دراوە بارە جگەرە بەستوو دووگەکان لەکۆنتێنەرە ئێرانیەکان دادەگیرێت لەدیوی ئێران و دواتر دەخرێنە نێو کۆنتێنەرە کەپسە بەڕادەکان و بەشێوەی ڕێککەوتنی پێشوەختە( ڕێکەوتن لەگەڵ ئیدارەی گشتی بۆ هەر کۆنتێنەرێک بڕی 12500$ واتا دەفتەرێک و بیست و پێنج وەرەقە) ، تەنها بۆ داخل کردنەکەی و باج نەدان و هۆکاری ئەوەی ئەو دووگ و جگەرە بەستوانە قاچاخن .

    کۆنتێنەری دووگ و جگەرە قاچاخەکەی دوو ئەندامەکەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە دوو بازگەدا گوزەر دەکات و شۆفێرەکە کاغەزێک کە وەسڵێکی بچوکە نیشانی پۆلیسەکە دەدات (کە لەسەری نوسراوە 009 ئیتیفاق ، بەمۆرێکەوە) و دەیگەنێتە سلێمانی بەسەلامەت بۆ مەخزەنیێک لەهوانە و بەشەکەی تریشی لەڕێگای کۆمپانیای ( سەروەر ئەحمەد سەروەر) دەنێردرێت بۆ بەغداد و ساخ کردنەوەی لەو ناوچانەدا ( لە سلێمانی بەکفری دا دەڕوات پاشان بەغداد) .

    بۆ داخل کردنی بارەکان پێویستیان بەمۆڵەتی ڕێگاپێدانی گومورکی ناوەند بوبو (لەبازگەی یەکەمی گومرکی) ، هەر بۆیە لەکۆبونەوەی ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبەری 2023ی بەغداد (ريان سالم صادق الكلداني ، سەرکردە لە هێزی بابیلۆن ) بەڵێنی هاوکاریان پێدەدات لەبەرامبەر گوشارکردن و فراوانتر کردنی بازنەی خۆپیشاندانەکان لەکوردستان ، دواتر لەبەرامبەر هاوکاریەکانی هەدیەی پێدرا ، هەر بۆیە کۆنتێنەرەکان لەوێش بە ناوی ( رخصة خاص) بەبێ باج دەرباز دەکرێن .

    بەپێی ڕاپۆرتەکە وێنە و بەڵگەکان بەم جۆرەخراونەتەڕوو:-

    🔻وێنەی بەڵگەنامەی یەکەم بارێکی گەورەی دووگ و جگەرە جارێک لەناوچەی صناعەی سلێمانی لەبەر خراپی و قاچاخی دوای گەیشتنی هەواڵی نهێنی بەلایەنە پەیوەندیدارەکانی سلیمانی، دەسی بەسەراگیرابوو بەڵام ، ئیدارەی گشتی تەداخولی کرد (بەرپرسیکی ئیدارە تلفونی کرد ) و بارەکە بەربوو ڕەوانە کرا و حکومەتی خۆجێی سلێمانیش نەیتوانی باسی بکات یان اعلانی بکات لە سەحافە .

    🔻وێنەکەی تر کەناوی بازاڕی دۆلارەکەی لەسەرە ، ئەو نوسینگە و ئەو شەخسەیە کە ئیتیفاقەکەیان بۆ دەکات و پارەی کۆنتینەرە داخل بوەکان وەردەگریت ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێت ( خۆم تەلەفونم بۆ کرد لەڕیگای کەسێکەوە وتی فەرموو بارت هەیە برام، وتم نا خۆ مامۆستای ناڕازی نیم !

    ئاماژەبەوەش دراوە من شەوی 12/…. 2024.. خۆم چوومە نێو کۆنتێنەرەکانی دووگ و جگەرەکان لەمەرزی باشماخ و ئەم وێنانەم وەکو بەڵگە هێنایەوە بۆ ئەم ئیشە و وەکو ئەرکێکی سەحەفیانەش ، تۆماری دەنگیشم لایە بەڵام لەبەر سەلامەتی گیانی خۆم بڵاوی ناکەمەوە و بۆ دادگاییەکەم بەکاری دەهینم .

    بەشدار بازیانی ئاماهەی بەوەشکردووە ئەمەی من کردوومە ئەرکێکی سەحەفیەکی بنکۆڵکارە و هەم بە ئەرکی سەحەفیانەی خۆمم زانیوە و هەمیش پيشتر بەڵێنم بەئێوەی ئەزیز دابوو کە بەشی دووەم و سێیەمی مەلەفی مامۆستاکان دادەنێم و بەردەوامیش زۆریکتان دەتان پرسی کوا ؟

    لە کۆتایشدا چەند تێبینییەکی خستۆتەڕوو کە بریتین لەمانە:-

    🔺ئامانجی من لەبڵاوکردنەوەی مەلەفی مامۆستایانی ناڕازی دژایەتیان نیە بەڵکو جیاکردنەوەی چاک و ڕاستیانە لە خراپ و قاچاخچیەکانیان ،
    ئەوانەی شەقام و مافی مامۆستایانیان وەکو یاریەک تەماشا کردوە و بەرژەوەندی خوازە هەلپەرستەکانیان و ئەوانەی شەقامیان بەکارهيناوە بۆ بەرژەوەندی شەخسی !

    🔺ناوی دوو مامۆستا قاچاخچیەکەم نەهێناوە بە ئامانجێکی تایبەت و ئەگەر ئەوانیش ئیعترازیان هەیە با بچینە دادگا و یاسا ، بە تایبەت کە بەشێک لەسەردانی ئەم دوو مامۆستایە بۆ بەغداد بۆ ساخ کردنەوەی دووگ و جگەر بوە نەک مافی مامۆستایان .

    🔺پاشان سەوتی نێو سەیارە تایبەتەکەیانم لایە ئەوەی ڕێگای بەغداد لەگەڵ سەوتی دانیشتنی شەوەکەی ماڵی پەرلەمانتار ( ی،ر.ر) ئەوەی داوایان کردبوو موشتەری دووگیان بۆ بدۆزیتەوە و ئەویش لێتان توڕە بوبو گوتبوی من خیانەت ناکەم !

    🔺 لە کۆتاییدا بەشدار بازیانی ئاماژەی بەوەشداوە ، ئەمە ئەرکی سەحەفیەکی بێ لایەنە بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ پێی ناخۆشە و کێ اسفادەی لێ دەکات ، وە من خۆشم دڵم لای شەقام و مامۆستایانە و ئەمە بۆ ساڵی داهاتوو هاوکارییان دەکات !!

     

  • 10 هۆشداری لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ هاووڵاتییان

    10 هۆشداری لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ هاووڵاتییان

    به‌رگری‌ شارستانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، رێنوێنی‌ بۆ هاووڵاتییان بڵاو كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ گه‌شت و سه‌یران خۆیان له‌ خنكان بپارێزن.

    به‌رگری‌ شارستانی‌ به‌ 10 خاڵ ئه‌وه‌ی‌ روونكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ‌، ئه‌گه‌ر مه‌له‌ ده‌كه‌ن، له‌و شوێنانه‌ مه‌له‌ بكه‌ن كه‌ قه‌ره‌باڵغه‌ و كه‌سی مه‌له‌زان و تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی لێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگادارت بن له‌ هه‌ر دۆخێكی له‌ناكاو.

    رێنوێنییه‌كان ئه‌مانه‌ن:
    1- مه‌له‌كردن له‌و شوێنانه‌ی كه‌ شاره‌زاییت له‌سه‌ریان نییه‌، زۆر مه‌ترسیداره‌.
    2- ئه‌و شوێنانه‌ی تابلۆی قه‌ده‌غه‌ی لێ چه‌سپێنراوه‌، گونجاو نین بۆ مه‌له‌كردن، چونكه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی، پشكنینیان بۆ كراوه‌ و مه‌ترسیدارن.
    3-ئه‌گه‌ر مه‌له‌ ده‌كه‌ی، له‌و شوێنانه‌ مه‌له‌ بكه‌ كه‌ قه‌ره‌باڵغه‌ و كه‌سی مه‌له‌زان و تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی لێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگادارت بن له‌ هه‌ر دۆخێكی له‌ناكاو.
    4-به‌بێ هیچ ئامرازێكی خۆپاراستن، وه‌ك هێله‌گ و چوپ و هتد مه‌له‌ مه‌كه‌.
    5- ئاوه‌كانی سنووری ناوچه‌ شاخاوییه‌كان سارد و تیژڕه‌ون، بۆ مه‌له‌كردن گونجاو نین.
    6- ئاوی زێی گه‌وره‌، زێی بچووك، قووڵی و ته‌نكییان دیاریكراو نییه‌، به‌ هۆی كاركردنی كارگه‌كانی ده‌رهێنانی قوم و چه‌گل، ئاڕاسته‌ و قووڵییان گۆڕدراوه‌، بۆیه‌ وریا بن له‌ هه‌موو شوێنێك مه‌له‌ مه‌كه‌ن.
    7- به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نداوه‌كان بۆ مه‌له‌كردن شیاو نین.
    8- یاریكردن و گاڵته‌وگه‌پ له‌ ناو ئاو، ده‌بێته‌ هۆی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و ماندووبوون و شڵه‌ژان.
    9- هیچ كات منداڵ له‌گه‌ڵ خۆت مه‌به‌ بۆ مه‌له‌وانی، چونكه‌ ژیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
    10 – له‌ هه‌ر بارودۆخێك پێویستیت به‌ هاوكاری بوو، تكایه‌ به‌ زووترین كات په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ ١١٥ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی به‌هاناته‌وه‌ بێن.

  • ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوکرایەوە

    ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوکرایەوە

    ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە، لە بارەی ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز

    بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەک خۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.
    ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-

    یەکەم/ گەشتوگوزار:-
    پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانە دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گرووپە و گەشتیاران و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (117 هەزار و 421) گەشتیار.

    دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
    بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکراوە و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانیان لە ئەرک دابوونە.

    سێیەم/ پۆلیس:-
    سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لەڕۆژان جەژن، لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراوە، لە ڕۆژانی جەژن (54) تاوان تۆمارکراوە، (51) تاوان ئاشکراکراوە، (1) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

    چوارەم/ هاتووچۆ:-
    سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەک خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەماوەی ڕۆژانی جەژن (3) ڕووداوی هاتووچۆ ڕویداووە و تەنها زیانی مادی لێکەوتۆتەوە.

    پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
    تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (29) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە (22) حاڵەتیان سووتانی پووش و پاوان بووە و حاڵەتەکانی تریش (3) ئۆتۆمبێل و (3) خانوو و (1) دوکان بووە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

    شەشەم/ تەندروستى:
    لەڕۆژانی جەژن تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ئەرک دابوونە، (3263) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (154) منداڵ لە هەردوو ڕەگەز لە دایک بوونە و (222) نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراوە.

    حەوتەم/ شارەوانی:
    سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا (1090) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

    هەشتەم/ کوشتارگە
    لەماوەی چوار ڕۆژی جەژن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر (269) ئاژەڵی گەورە و (759) ئاژەڵی بچووک کراوەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان (53 هەزار و 800 کیلۆگرام) بوونە و ئاژەڵە بچووکەکانیش (17 هەزار و 457 کیلۆگرام) بوونە.

    لەکۆتاییدا، دەستخۆشی لە تەوای قائیمقامیەت و ناحییە و یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و هێزە ئەمنیەکان و تەندروستی و تیمی شارەوانیەکان و ژینەگەپارێزان دەکەین، کە لە ماوەى ڕۆژانی جەژن وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوونە و ڕێگربوونە لە ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویست دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.

    نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
    2024.6.20

  • ئەمڕۆ یادی 77 ساڵەی لەسـ*ێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستانە

    ئەمڕۆ یادی 77 ساڵەی لەسـ*ێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستانە

    يادى له‌ ســ*ێداره‌دانى چوار ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى كۆمارى کوردستان

    ئه‌مڕۆ 19ى حوزه‌يران، 77 ساڵ بەسەر شه‌هیدکردنى ئەو چوار ئەفسەرە کوردە قاره‌مانه‌‌دا تێپەڕ دەبێت کە لە باشوورى کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد، گەیشتنە رۆژهەڵاتى کوردستان و دواى رووخانى کۆمار، گەڕانەوە باشوورى کوردستان و لەلایەن دادگايه‌كى سەربازيى عێراقەوە سزاى له‌ س*ێدارەدانيان بۆ ده‌رچوو.

    رژێمی پاشايه‌تى عێراق له ‌به‌ره‌به‌يانى رۆژى 19ی حوزه‌یرانی ساڵی 1947 به‌ فه‌رمانی (ساڵح جه‌بر)ی سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌وكاتى عێراق له ‌به‌ندیخانه‌ی مه‌ركه‌زيی به‌غدا سزای له‌ س*ێداره‌دانى به‌سه‌ر (عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، مسته‌فا خۆشناو، خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم و محه‌مه‌د قودسی) جێبه‌جێ كرد به‌هۆی به‌شداریكردن و رۆڵیان له‌ كۆماری کوردستان لە مه‌هاباد.

    ئەو چوار ئەفسەرە کوردەى سوپاى عێراق، چوار کەسایەتى نیشتمانپەروەر و نەتەوەخواز بوون، ئەوان هەر له‌ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنەوەى دەڤەرى بارزان په‌يوەندییان بەو بزووتنەوەیە کرد، کاتێکیش کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، ئەوان بۆ بەشداریکردن لە کۆمار خۆیان گەیاندە رۆژهەڵاتى کوردستان و بەهۆى چالاکى و لێهاتووییانەوە پلەى فەرماندەیان لە کۆماردا پێ به‌خشرا.

    دواى رووخانى کۆمارى كوردستان، رژێمی ئه‌وكاته‌ی عێراق له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو به‌ په‌ڕینه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر و هه‌ڤاڵانی له رووباری ئاراس له ساڵی 1947، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازيی کوردستان کۆتایی پێدێت،‌ بۆيه‌ بڕيارى له‌ س*ێداره‌دانى ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ى دا، به‌ڵام خوێنی شه‌هيدان (عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، مسته‌فا خۆشناو، خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم و محه‌مه‌د قودسی)يش تێكه‌ڵ به‌ خوێنی ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان بوو و، بوو به‌ ده‌ریایه‌ك و ‌شه‌پۆله‌كانی كۆت و به‌ندى زوڵم و سته‌میان راماڵى.

  • مەسرور بارزانی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو

    مەسرور بارزانی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوو


    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە “زۆر باش” ناودەبات و دەڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقووڵییەکانیان تاوتوێ کردووە.

    پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.

    دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەردوولا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.

    مەسرور بارزانی: کۆبووەنەوەکەمان زۆر باش بوو

    مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا بە ناوی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان “بە خێرهاتنێکی گەرمی” سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بۆ بەغدا و هەولێر کرد.

    لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر. لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە”.

    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەت باسی کرد، هەردوولا باسیان لە “کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکە”ـیان کردووە و هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە “لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە”.

    تەواوی قسەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا:

    بە ناوی خۆم و حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر دەکەم. زۆر زۆر بەخێربێی جەنابی وەزیر.

    ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ جەنابی وەزیر لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە.

    باسی کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکەمان کرد؛ هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە ئیستیقراری ناوچەکە لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە.

    جارێکی دیکە بەخێرهاتنێکی گەرمی جەنابی وەزیر دەکەم، زۆر زۆر بەخێربێن.

  • بارزان عەلی حەمە: لە سلێمانی بەخەڵکیان وت: بمرن با ئەم کابینەیە بڕوخێت

    بارزان عەلی حەمە: لە سلێمانی بەخەڵکیان وت: بمرن با ئەم کابینەیە بڕوخێت

    بارزان عەلی حەمە: لە سلێمانی بەخەڵکیان وت: بمرن با ئەم کابینەیە بڕوخێت

    بارزان عەلی حەمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی:

    ئامادە بوون هەموو ئازارێک بچێژن تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن ئەم کابینەیە درۆ دەکات! کە ڤایرۆسەکە لە پەل و پۆی خستن، ئەیان وت: زەخت و شەکرەیە! کە ئەمردن ئەیان وت: خۆی نەخۆشیی تری هەبووە! هەموو جیهان چوونە ماڵەوە، تەنیا لە سلێمانی و لە ڕقی کابینەی نۆ، بە خەڵکیان وت وەرنە دەرەوە و ماسک مەبەستن درۆیە!

    خەڵکیان فێر کرد، لە ڕقی کابینەی نۆ، یەکتری لە پەخشی ڕاستەوخۆدا ماچ بکەن. لەفە فرۆشێکیان دواند، ئەیوت: کامە کۆرۆنایەتی من دەم ئەخەمە ناو دەمی!

    ڕێک لەو کاتەدا بوو، گۆرانیبێژێکی شار حاڵی شڕ بوو، کۆرۆنا نەفەسی لێ بڕی و نەک هەر حەجمان، ئۆکسجینیشی لەبەر بڕی، حاکمەکانی شار نەچوون بەلایدا، برادەرێک وتی: خێرە بەو برادەرانەت لە ئەنجومەنی وەزیران بڵێ فریای کەون، وام کرد!

    هێندەی پێنەچوو، تەلەفۆنیان کردەوە و وتیان: ژمارە موبایلی پەیدا بکە و خێرا ئامبوڵانسێک ئەنێرینە سلێمانی با بیهێنێتە هەولێر. وتیشیان بزانە چی تری پێویستە با بۆی دابین بکەین؟!

    ژمارەکەیم دایە بەڕێوبەری نوسینگەی کاک مەسروور، تەلەفۆنیان بۆ کرد، کەسێکی گۆرانیبێژەکە وەڵامی دایەوە: بێ سوپاس و شت، وتی: هیچمان ناوێ، شێخ لاهوور هەموو شتێکمان بۆ ئەکات. دیاربوو یاشێخ پێنجسەد هەزارێکی بۆ ناردبوون!

    هێندەی پێنەچوو گۆرانیبێژەکە بە کەساسی و هەژاری مرد. لەم ڕۆژانەدا پەیجێک موقابەلەی مناڵەکانیی دەکرد، کوڕەکەی دەیوت: بەداخەوە کەس لێی نەپرسی و ئێستاش یادێکی شایستەی بۆ نەکرا!

    بەخەڵکیان وت: بمرن با ئەم کابینەیە بڕوخێ!!

    ماویەتی…

  • ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تاوتوێ دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تاوتوێ دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تاوتوێ دەکات

    ئــەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا وکۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو.

    سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەت وکۆمپانیا نەوتییەکانی کرد و ئاماژەی دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، کە ئەمە خواستی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ وکۆمپانیا نەوتیەکانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە ڕەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەکان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش، کۆبونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.
    ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد وجەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی .

    بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لە سەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە کە کاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

    ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو.

    ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بە ڕەچاوکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی ڕووتین و بەربەستەکان.

    پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

    وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر ڕێکار و ئامادەکاریی و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

    ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێریی بۆ مەبەستەکانی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە وگەشەپێدان، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی دادپەروەریی ویەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێکی سیاسیی و نەتەوەیی و پێشێلکاریی لە بنەما دەستووریەکان و ماددەی 140 ی دەستووری تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.

    لە کۆتاییدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە ، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

  • ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چوار بڕگەی گرنگ تاوتوێ دەكات

    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چوار بڕگەی گرنگ تاوتوێ دەكات

    ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، كۆ دەبێتەوە و چوار بڕگەی سەرەكی تاوتوێ دەكات.

    لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا تاوتوێ دەكرێت، كە لە ڕۆژانی 8 و 9 ی حوزەیران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە.

    لە بڕگەی دووەمدا، پرسی كردنەوەی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگاكانی دیالە و موسڵ كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە كراونەتەوە، تاوتوێ دەكرێت؛ بە هۆی ئەوەی كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانیی دەرەوازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

    بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی بابەتی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە بڕیارە لە 20-21 ی تشرینی دووەمی ی 2024، لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.

    بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەكە، بریتییە لە خستنەڕووی ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بە هەموو بەشەكانییەوە.