هاوپۆل: هەواڵ

  • مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسولی گشتی نوێی ڕووسیا دەکات

    مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسولی گشتی نوێی ڕووسیا دەکات

    سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسولی گشتی نوێی ڕووسیا دەکات

    ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماکسیم روبین کونسولی گشتیی نوێی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

    سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.

    کونسولی گشتیی ڕووسیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

    بارودۆخی گشتیی عێراق و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

  • مەسرور بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی نوێی کوەیت دەکات

    مەسرور بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی نوێی کوەیت دەکات

    سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتی نوێی کوەیت دەکات

    ئەمڕۆ 14ی ئەیلوول مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز عوسمان داوود ئەلداوود کونسوڵی گشتیی نوێی کوەیت لە هەرێمی کوردستان کرد.

    سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتن بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا، لە پێناو برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوەیت.

    کونسوڵی گشتیی کوەیت، خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەرکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشاندا و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان دەربڕی.

  • ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە

    ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە

    گۆڕان بۆ ھێزی کۆماندۆی یەکێتی:

    ڕاگەیەندراوەکەتان ئەوەندە ئاست نزمە لە روی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە هی وەڵام دانەوە نیە.

    ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە

    دوای ئەوەی ئەندامێکی بەڕێزی فراکسیۆنەکەمان ، لەکاری پیشەیی خۆی بەمەبەستی بەدواداچون سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردبوو ، لەگەڵ ئەندامێکی بەڕێزی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دا ، لە گەرانەوەیاندا توشی گرفت بوون لەگەڵ هێزێک بەناوی (کۆماندۆ).

    ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران و بە کەمڕوانین لە بەهای پەرلەمان کە دەزگای شەرعی و هەڵبژێرراوی خەڵکی کوردستان و سەروەربوونی یاسایە.

    ھەرچەندە ڕاگەیەنراوەکەی ئەم ھێزە ئەوەندە ئاست نزمە لە روی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە هی وەڵام دانەوە نیە، بەڵام ھاووڵاتییانی کوردستان مافی خۆیانە ئەوە بزانن کە ئەندامانی پەرلەمان پێویستیان بە ڕەزامەندی و مۆڵەت و نوسراو نیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی پەرلەمانتاری خۆیان و بەدواداچوون، پەرلەمانتار دوای ئەوەی خۆی ناساند و ناسنامەی پەرلەمانتاری پیشان دا ، نابێت بپشکنرێن نە خۆیان نە ئوتومبیلیان نە ماڵیان چونکە پارێزبەندیان ھەیە، ھەروەھا ناسنامەی پەرلەمانتار مۆڵەتە بۆ ھەڵگرتنی چەک.
    لە کۆتاییدا داوا دەکەین پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەڵوێستی جدییان هەبێت ، پێویستە ڕێز لە دامەزراوەی پەرلەمان پەرلەمانتاران بگیرێت….

    فراکسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان

  • ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان مالیکی و سەدر ئاشکرا دەکات

    ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان مالیکی و سەدر ئاشکرا دەکات

    ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان مالیکی و سەدر ئاشکرا دەکات

    ڕۆژی سێشەممە، ئەندامێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەناوی وائیل ئەلرکابی، ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانییەکەی و موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری ئاشکرا کرد.

    ئەلرکابی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، ڕایگەیاند : چەندین کەسایەتی کاریگەر هەن کە دەتوانن بۆچوونەکانی مالیکی و سەدر نزیک بکەنەوە.

    ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا لە ژێر رۆشنایی ناکۆکییە تیژەکانی نێوان هەردوو لایەندا، لەبارەی ئەگەری بەدیهێنانی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە : من ڕەتی ناکەمەوە، وە ئەگەری زۆر هەیە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.

  • سەرۆک بارزانی بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی بارەگای پاتریارکی کڵێسای ڕۆژھەڵاتی ئاشوری لە ھەولێر دەکات

    سەرۆک بارزانی بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی بارەگای پاتریارکی کڵێسای ڕۆژھەڵاتی ئاشوری لە ھەولێر دەکات

    سەرۆک بارزانی بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی بارەگای پاتریارکی کڵێسای ڕۆژھەڵاتی ئاشوری لە ھەولێر دەکات

    ئەمڕۆ دووشەممە ، ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢۲ سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی بارەگای کۆمەڵگەی پاتریارکی کڵێسای رۆژھەڵاتی ئاشوری لە ھەولێر کرد.

    لە مەڕاسیمەکەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

    ئەمەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە:

    بەناوی خودای گەورەو میھرەبان

    ئامادەبووانی بەڕێز…

    زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم کەئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارین لەم بۆنەیە ،ئەمە نیشانەی ئەو پەیوەندییە مێژوییەیە کە سەد ساڵ لەمەوبەر دروست بوو لە نێوان ھەردوو شەھیدی گەورە ، شەھید شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مار شەمعوون، لەو سەردەمەدا بناغەی پێکەوەژیان و برایەتی دانرا، لەوە جوانتر و خۆشتر نییە لە وڵاتێکدا ھەموو وەکو برا پێکەوە بژین، گرنگ ئەوەیە ھەموومان خودا پەرستبین، ئەوە لە ھەمووی گرنگترە ، بۆ ئێمەش جێگەی سەربەرزی و شانازییە کە ئەو فەرھەنگە بووە فەرھەنگی ھەموو خەڵکی کوردستان بە ھەموو ئایین و نەتەوەو مەزھەبەوە دەبێ لەسەریشی بەردەوامبین ، من پیرۆزبایی ئەو کەنیسە گەورەیە لە ھەموو برایانی مەسیحی دەکەم، تەئکید دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی ھەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی لە ھەر نەتەوەیەک و ئایین و مەزھەبێک بن، وڵات وڵاتی ھەموومانە دەبێ ھەموومان بە برایەتی و بە سەربەرزی و بە ئازادی تێیدا بژین، داوای سەرکەوتن و بەختەوەری بۆ ھەمووتان دەکەم

    زۆر سوپاس.

  • مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە شانشينى یەکگرتوو دەکات

    مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە شانشينى یەکگرتوو دەکات

    ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئەیلوول ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ کۆچی دوایی شاژن ئێلیزابێتی دووەم، شاژنی کۆچکردووی شانشینی یەکگرتوو، لە شاری هەولێر، پرسە و هاوخەمی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانی لە ڕێگەی کونسولی گشتیی بەریتانیا دەیڤد هانت، بە خەڵکی بەریتانیا گەیاند.
    سەرۆکی حکومەت، لە تۆماری پرسەدا، بەناوی حكومەتی هەرێم و گەلی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شانشین و حکومەت و خەڵکی شانشینی یەکگرتوو کرد.

  • شەقامی ١٨٠ مەتری یان ٢٠٠ مەتری، لە ماستەرپلانی شاری هەولێردا هەیە و جێ بەجێ دەکرێت

    شەقامی ١٨٠ مەتری یان ٢٠٠ مەتری، لە ماستەرپلانی شاری هەولێردا هەیە و جێ بەجێ دەکرێت

     شەقامی ١٨٠ مەتری یان ٢٠٠ مەتری، لە ماستەرپلانی شاری هەولێردا هەیە و جێ بەجێ دەکرێت

    هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: وەزارەتی شارەوانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی ئەندازەیی لە ئەنجوومەنی وەزیران، جارێکی دیکە ماستەرپلانی شارەکان بەسەر دەکەنەوە، کام شار ئامادەبێت بۆ ئەوەی ماستەرپلانەکەی ئەبدەیت بکرێتەوە، کاری لەسەر دەکەن.

    جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: دوای تەواوبوونی پڕۆژەی ١٥٠ مەتری، لە ماستەرپلانی هەولێردایە پڕۆژەی ١٨٠ مەتری یان ٢٠٠ مەتری، کە هێشتا ناوەکەی یەکلایی نەبووەتەوە، جێبەجێ بکرێت.

  • وەزارەتی خوێندنی باڵا : هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەکرێت

    وەزارەتی خوێندنی باڵا : هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەکرێت

    ئاگادارییەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى

    وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد)ى بۆ سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئامادە کردوەو ئاراستەى وەزارەتى پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان کراوە.

    عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى هەوڵەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ناوەندى وەرگرتن، ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بۆ سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئامادەکراو ڕه‌وانه‌ی وەزارەتى پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان كرا.

    وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی داوا لە دەرچوانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى دەکات لە بەیانییەوە دەتوانن خۆیان سەردانى خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد)، وتیشی پێویستە دەرچوان بەباشى پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لەڕێگەى ئه‌و (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ه‌ دەتوانن (زانکۆلاین) پڕبکەنەوە.

    لەبارەى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سەرەتاى هەفتەى داهاتو زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت و پێش کاراکردنیشى لە ڕاگەیەنراوێکى رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەى بۆ دەرچوان دەخرێتەڕو.

  • مەسرور بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر دەکات

    مەسرور بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر دەکات

    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە دەکات

    ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە کرد.

    لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عیراق تاووتوێ کرا.

    جەخت لە گرنگیی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی، لە ڕێگەی گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت کرایەوە.

  • سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە دەكات

    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە دەكات

    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە دەكات

    ڕۆژی یەكشەممە 11ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێزان محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە كرد.

    لە دیدارەكەدا دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوكردنی شێوازە دەستووری و یاساییەكان تاوتوێ كرا. ئەویش لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەییشتن بە چارەسەری وا كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.

    هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكوومەتێك كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت. جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرایەوە.

    هەردوولاش ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هەموو لایەنەكان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتیان بكات.

    هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات.