هاوپۆل: هەواڵ

  • بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە لەندەنی کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو

    بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە لەندەنی کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو

    بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە لەندەنی کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو

    لە ڕۆژانی ٣٠ی ١١ و ١ی ١٢ی ٢٠٢٣ لە زانکۆی میدلسیکس لەسەر پێشنیاری نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی لە لەندەن کۆنفرانسێکی زانستی بەڕێوەچوو.
    کۆنفڕانسەکە لە لایەن چوار زانکۆ ( زانکۆی کوردستان لە هەولێر ، میدلسیکسی بەریتانی، ڤییەنا و ناکازاکی ژاپۆنی ) ڕێکخرا بوو، بۆ دانانی بناغەیەکی زانستی و دروست بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرای کوردستانی.

    لە کۆنفڕانسەکەدا شارەزایان و پسپۆرانی بواری دیاسپۆرا و بەرپرس و سەرپەرشتیکارانی دیاسپۆرای وڵاتان و گەلانی بێ دەوڵەت و ئەندامێکی پەرلەمانی بەریتانیا بەشدار بوون، لەوانە (وەزیری دیاسپۆرای ئەرمەنی، نوێنەری دیاسپۆرای یۆنانی و هیندی، تامیلی و بەرپرسی دیاسپۆرای کەتەلۆنی، و سکۆتلەندی و باسکی و مامۆستایانی زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و میدلسیکسی بەریتانی).

    کۆنفڕانسەکە لە ئاستێکی بەرزی زانستیدا بوو، سەرەڕای پێدانی پێشنیار و باسکردنی ئەزموونییان سەرجەمییان ئامادەیی خۆیان بۆ سەرخستنی بەرنامەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرایێکی کوردستانی یەکگرتوو دەربڕی.
    شایانی باسە لە لایەن بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی ڕوانگەی جەنابی سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕێکخستنەوەی دیاسپۆرای کوردستانی خرایە ڕوو و لە لایەن بەشداربووان گفتوگۆی لەسەر کرا و تاوتوێ کرا.

    لە لێداوانێکدا بەرپرسی نووسینگەی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە گرنگی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە کرد و گوتی: سازدانی کۆڕبەندی زانستی لەبارەی دیاسپۆرا گرنگە بۆ پەیداکردنی شارەزایی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەلانی تر و دروستکردنی لۆبییەکی کوردستانیی بەهێز لەگەڵ گەلان و ناوەندە زانستییە جیهانییەکاندا.

    لە کۆنفرانسەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان کاک هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاک سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاک کارۆخ خۆشناو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.

  • پێشەوا هەورامانی باسی لە گرنگیدانی مەسرور بارزانی بە بابەتی گۆڕانكارییەكانی بواری كەشواهەوا دەکات

    پێشەوا هەورامانی باسی لە گرنگیدانی مەسرور بارزانی بە بابەتی گۆڕانكارییەكانی بواری كەشواهەوا دەکات

    وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە گرنگیدانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بابەتی گۆڕانكارییەكانی بواری كەشواهەوا كرد و جەختی كردەوە كە مەسرور بارزانی وەك تاكە سەركردە لە ناوچەكەدا، هەنگاوی كرداری بۆ ئەم پرسە ناوە.

    پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێگەی خۆی نووسینێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، بەشداریكردنی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی جیهانیی كەشوهەوا، ”بەشدارییەکی تەشریفاتی نییە و ئەم بابەتە لەناو دیدگای بەڕێزییان بە گرنگییەوە کاری بۆ دەکرێت.“

    ڕوونیشی كردەوە: ”سەرۆک وەزیران وەک تاکە سەرکردە لەم ناوچەیەدا، هەنگاوی کرداری بۆ ئەم پرسە ناوە و هەم لە نووسینگەکەی خۆی هەم لە کابینەکەیدا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا جێی بایەخن و لە ماوەی ڕابردوو کاری زۆر باش کراون بە مەبەستی ژینگەپارێزی.“ كە یەك بە یەك ئاماژەی بەو هەنگاوانە داوە، ئەوانیش بریتین لە:

    1- لە مانگی ئابی ساڵی 2021، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا سووتاندنی غاز لە سەرجەم پالاوگەکانی نەوت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان قەدەغە بکرێت، دەستبەجێ بڕیارەكە جێبەجێ بکرێت، رۆژانە زیاتر لە 150 ملیۆن پێ سێجا غاز دەسووتێندرا، بەهۆی نیگەرانییەکانی ژینگە و کەشوهەوا، حکومەت بە تەواوی ئەو کارەی قەدەغە کرد.

    2- لە مانگی ئایاری ساڵی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا، پرۆژەکە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە توانای 25 مێگاوات ئەنجام دەدرێت، بڕیارە لە ساڵی 2024 تەواو بکرێت.

    3- کابینەی نۆیەم زیاتر لە 100 پۆندی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دروستکردووە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، ئەم پۆندانە وەک رزگارکەری ئاو بۆ مانگەکانی هاوین کار دەکەن، كێڵگە کشتوکاڵییەکان و کەرتی ئاژەڵداری دەپارێزن جگە لەوەی رێگری لە لافاو و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات.

    4- لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەیەکی پێشکەوتووی ریسایکلینی قیڕی لە هەولێر کردەوە، کارگەکە بە گوێرەی ستانداردی ژینگەیی هاوچەرخ دروست کراوە و یەکەم کارگەیە لە جۆری خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەوێتە کار

  • مەسرور بارزانی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت

    مەسرور بارزانی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت

    سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت

    ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە ڕۆژانی 12/2-1 لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
    سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

    لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا ، ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.
    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر جیهان.

  • پێشەوا هەورامانی : داوا لە بەرێز سەید حەکیم دەکەین ڕوی لە بەغدا بێت و پاڵپشتی لە کۆتایی هێنان بەو نا دادپەروەریە بکات.

    پێشەوا هەورامانی : داوا لە بەرێز سەید حەکیم دەکەین ڕوی لە بەغدا بێت و پاڵپشتی لە کۆتایی هێنان بەو نا دادپەروەریە بکات.

    پەیامێک له وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

    ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی ،
    نیشتیمانی پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەو داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مامۆستایان خەرجبکات.

    ئێمە بە تەواوی لەگەڵ ئەم پەیامەداین بەڵام
    جەنابیان ئاگادارە کە ئەوە حکومەتی هەرێم نییە موچەکان نادات بەڵکو حکومەتی فیدراڵییە کە موچەی مامۆستایان و هەموو موچەخۆرانی کوردستانی ڕاگرتووەو بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە ئامادە نیە موچەو بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بکات.

    داوا لە بەرێز سەید حەکیم دەکەین ڕوی لە بەغدا بێت و پاڵپشتی لە کۆتایی هێنان بەو نا دادپەروەریە بکات.

    حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووەو پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، بەڵام ئەمەمان لە لایەنی بەرانبەر بەدینەکردووە.

    هەتا داهاتەکانیش لە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون شایستەی سەرجەم فەرمانبەرانی خۆی خەرجکردووە، بەڵام دوای وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم لەلایەن بەغداوە کێشە بو موچەخۆران دروستکراوە.

    بەڕێز حەکیم وەک چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵی
    چاکە خوازی گێڕاوە، هیوادارین لەم پرسەشدا داوا لەسەرجەم لایەنەکانی عێراق بکات چاوپۆشی نەکەن لەو زوڵمەی کە دەرحەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت .

    پێشەوا هەورامانی
    وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

  • وەڵامێکی توندی میدیایەکی ئێرانی دەدرێتەوە

    وەڵامێکی توندی میدیایەکی ئێرانی دەدرێتەوە

    وەڵامێك بۆ میدیای ئێرانیی (دیپلماسی ایرانی)

    لەدرێژەی چەواشەكاری و پەلامارە ناڕەواكانی میدیاكانی ئێران لەدژی هەرێمی كوردستان، ماڵپەڕی (دیپلۆماسیی ئێرانی) ڕۆژی شەممە 25ی نۆڤەمبەری 2023 ڕاپۆتێكی بە سوودوەرگرتن لە هەواڵێكی میدیای پە٭كە٭كە لەدژی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باسی بوونی گەندەڵی كردووە و هەرێمی كوردستانی بە زیندانی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی لە هەرێمی کوردستانی بە ئازادیی گاڵتەجاڕی وەسف كردووە.

    ئەم پەلامارانەی میدیاكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان بەشێكن لە پلانێكی بەرفراوانی گوشاری جۆراوجۆری سیاسی و ئەمنی و چەواشەكاریی فەرهەنگی بۆ ناشرینكردنی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كە دەرئەنجامی شۆڕش و خەبات و ئازادیخوازیی گەلی كوردستانە. ئەم چەواشەکارییانە هەوڵێکن بۆ گومڕاكردنی ڕای گشتیی ناوخۆی ئێران و هاووڵاتیانی كورد و هەروەها پەردەپۆشكردنی گەندەڵیی بەرفراوان لەناو کاربەدەستانی ئێران و ئەو پێشێلكارییە ئاشكرایانەی كە ڕۆژانە بە شێوەیەكی بەرفراوان لەبەرانبەر هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و چینوتوێژە جۆراوجۆرەكانی ئێران لەئارا دایە.

    ئەوە لە حاڵێكدایە كە بەپێی ڕاپۆرتەكانی ناوەندە جیهانی و سەربەخۆكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین و شەفافیەت، ئێران زیندانێكی گەورەیە بۆ خەڵكی ئێران و لەڕیزبەندیی فاسدترین وڵاتانی جیهان دایە.

    بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە مانگی مەی 2023 لە بابەتی ئازادیی ڕادەربڕینەوە لەنێو 180 وڵات ئێران پلەی 178 ی هەیە و لەڕیز كۆریای باكوور و ئەریترە لە خوارەوەی لیستەكەدایە. هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتەوە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو 4 پلە هاتۆتە خوار و ئازادی بە شێوەیەكی گشتی لە ئێراندا لە خەراپترین دۆخی خۆی دایە. هەر بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە ساڵی 2022 ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا سێیەم گەورەترین زیندانە بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاكوان و خەڵكی ناڕازیی سیاسی.
    هەروەها پەیوەندییە ئاساییەكانی هاووڵاتیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتێرنێت بە گشتی لەژێر چاودێریی چڕی دەزگا ئەمنییەكاندان و لەدوای شەهیدکردنی ژینا و سەرهەڵدانی ناڕەزایی خەڵك بە سەدان هاووڵاتی بە گولـلەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار كەسیش گیراون. لە دۆسیەی گەندەڵی و شەفافیەتیش كۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی شەفافیەت لەنێوان 180 وڵات پلەی 150یەمی لەبابەتی گەندەڵی بەدەست هێناوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەش پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كە لە ئێراندا بە كەمایەتی ناویان دەهێندرێت لە دۆخێكی خرابدان و لەژێر گوشاری بەردەوامی ئەمنی و سیاسی و یاسای نادادپەروەرانە و بێبەشبوون لە مافەكانی هاووڵاتیبوونن.

    هەموو ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن ئێران لەژێر سایەی حوكمێكی ناتەندروست بووەتە شوێنی تێكشكاندنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ وترس و تۆقاندن و سەركوتكاری. هەر بۆیەش جێگەی سەرسوڕمانە میدیاكانی ئێران لەڕوویان هەڵدێت باسی ئازادی بكەن.

    جێی سەرسووڕمانە، كە دامودەزگاكانی میدیای ئێران لە ڕوویان بێ ناوی ئازادی بەرن و باسی ئازادی بكەن.
    كۆماری ئیسلامی جگە لەوەی كە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەكە بۆ گەلانی وڵاتەكەی خۆی، بۆتە سەرچاوەی نەھامەتییش بۆ زۆربەی زۆری گەلانی ناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش.
    زۆر بێچاووڕووانە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستانیش ڕەفتار دەكا و لە كاری چەواشەگێڕانەدا بەردەوامە و دەیهەوێ ھەمیشە خەڵكە ئاسوودەكەی نائاسوودە بكات.

  • سندووقی شیاندن بۆ خزمەتكردنی خاوەنپێداویستییانی تایبەت بەمزووانە دەكەوێتە كار

    سندووقی شیاندن بۆ خزمەتكردنی خاوەنپێداویستییانی تایبەت بەمزووانە دەكەوێتە كار

    سندووقی شیاندن بۆ خزمەتكردنی خاوەنپێداویستییانی تایبەت بەمزووانە دەكەوێتە كار؛ ئامانجیش کۆکردنەوەى داهات و خەرجکردنەوەیەتى بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەنپێداویستیی تایبەت و کورتەباڵایان تا بگەنە ئاستی بەرەوپێشچوون و شیاندنەوەی كۆمەڵایەتی.

    هاودەم ئەنجوومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندووقەکە پێک دێت، کە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت و کورتەباڵایانی تێدا دەبن و نەخشیان لە بڕیاردان لەبارەی بەڕێوەبردنی سندووقەكەوە دەبێت.

    لەو نارەیەوە كوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە: “سندووقی شیاندن و چاودێریی كەمئەندامان لە یاسای ساڵی 2011 هاتووە و جێبەجێ نەكراوە، لەم كابینەیەدا پەیڕەوەكەی ئامادە كراوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران و بە واژووی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەسند كراوە؛ پاش ئەوەی رێنمایی بۆ دەردەچێت، لە شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان چەند هەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە، تاكوو هەركەسێك لە خێرخوازان و خاوەنكۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان، كە دەیانەوێت هاوكاریی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بكەن، بتوانن پارە بخەنە ناو ئەو سندووقە و دواتریش بەپێی پەیڕەو و بە چاودێری، بۆ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانی ئەو توێژە خەرج بكرێتەوە.”

    رێوشوێنی كاركردنی سندووقی شیاندن لەلایەكەوە هاندەر دەبێت بۆ كۆكردنەوەی داهاتێكی فراوان بۆ ئەو توێژانە و لەلایەكی تریشەوە پرۆسەی هاوكاریكردنیان بە شێوەیەكی دامەزراوەیی و بەردەوام ڕێك دەخات و بواری گەندەڵی و خراپبەكارهێنانی داهاتی كۆبووەوە ناهێڵێت.

    لەمبارەوە كوێستان محەممەد ئەوەشی گوت: “ئەوەی ئیدارەی سندووقەكە دەكات ئەنجومەنی شیاندنە، جگە لە سەرپەرشتیی بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نوێنەری خاوەنپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان و چەندین وەزارەتی تێدایە، دواجاریش سندووقەكە دەكەوێتە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی داراییەوە؛ لە ئەگەری خەرجكردنی داهاتەكە بۆ مەبەستێكی جیاواز لە ئامانجی سندووقەكە، تووشی لێپرسینەوە دەبن.”

    لە 9ی ئابی 2023، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار لەسەر دروستکردنی سندووقی شیاندن بۆ کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان درا، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت كە بریتی دەبێت لە كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەی لە بواری تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو توێژانە. ئەمەش یەكێكە لە بەرنامەكانی حكومەتی هەرێم، كە مەبەستی سەرەكیی گرنگیدانە بەم توێژە و پێدانەوەی رۆڵ و گرنگییان لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستاندا.

  • ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند دەکات

    ئەمڕۆ چوارشەممە 11/22، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و هێزی کاری کەرتی گشتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاریى ورد لەسەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستی خستەڕوو، بە مەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.

    لەمبارەیەوە پێشنیارو ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد کە کاریگەریى ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتی، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتی و ئاماژەیدا بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم کرا کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

    دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد لە پێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتیی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.

    لە بڕگەیەکی دیکەی کارنامەکە، گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێکردنی چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کرا تایبەت بە بواری خانەنشینیی کە لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی خرایەڕوو.

    ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی و خانەنشینیی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەریی و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بوودجەی گشتیی، لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.

  • مەسرور بارزانی: ئایا ئێمە دەوڵەتی فیدراڵین،یان بەغدا حكومەتێكی ناوەندییە

    مەسرور بارزانی: ئایا ئێمە دەوڵەتی فیدراڵین،یان بەغدا حكومەتێكی ناوەندییە

    دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 21-11-2023 لە چوارچێوەی پانێلی سێیەمی، چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) گفتوگۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC دەستیپێكرد.
    لەبەشێكی گفتوگۆكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بكەین. ئەو خەڵكەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆكتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەكەی زۆر روونە. خەڵكی سڤیل و بێ تاوان باجێكی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەركۆنەی شەڕەكە و هێرشكردنە سەر خەڵكی سڤیل دەكەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێكی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەك كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
    هەروەها گوتی: ئەو ناكۆكی و گرژیانەی لە نێوان هەولێرو بەغدا هەیە ئەوەیە كە دەستوور رێزی لێ ناگیرێت ،چونكە هەرێمی كوردستان چەندین مافی لەدەستووردا هەیە بەڵام بەداخەوە پشتگوێخراون.
    گوتیشی: پرسیارێكی سەرەكی ئەوەیە ئایا ئێمە دەوڵەتی فیدراڵین،یان بەغدا حكومەتێكی ناوەندییە،من پێم وایە ئەمە كێشە سەرەكییەكە.دەبێ لەدەوڵەتی فیدرالیزمدا هاوبەشی كردنی دەسەڵات هەبێ و پێویستە دابەشكردنی دەسەڵات رەنگ بداتەوە كە لەدەستووردا هەیە.
    ئاماژەی بەوەشدا،عەقلییەتێك لەبەغدا هەیە پێی وایە دەبێ هەموو شتێك لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

  • فاخیر هەریری بۆ (هەردی سەڵاح): بای ئەوەندەی تیابهێڵەوە سبەی لەناو یەکێتی دەرکرای رووی ئەوەت هەبێ بێیتە ناو پارتی

    فاخیر هەریری بۆ (هەردی سەڵاح): بای ئەوەندەی تیابهێڵەوە سبەی لەناو یەکێتی دەرکرای رووی ئەوەت هەبێ بێیتە ناو پارتی

    فاخیر هەریری بۆ (هەردی سەڵاح): بای ئەوەندەی تیابهێڵەوە سبەی لەناو یەکێتی دەرکرای رووی ئەوەت هەبێ بێیتە ناو پارتی

    هەردی سڵاح گۆرانیبێژ و راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێ “پارە هەیە بۆ پرۆژەکانی خۆیان، لە زاخۆ و ئەو شوێنانەی خۆیان مەبەستیانە، بەڵام بۆ مووچەی خەڵک نییە”.

    لەمبارەوە فاخیر هەریری، گۆرانیبێژ و هونەرموندی میللی بە (بازمیدیا)ـی رایگەیاند: رێزم بۆ کاک هەردی هەیە، دوراو دور برادەرە و یەک دوو جار ئیشی بە من هەبووە، یەک لەو جارانە لە ئەورووپا بووم و تەلەفونی بۆ کردم، چونکە لە شەقڵاوە دەیوسیت ئوتێل دروست بکات و رێگەی پێنەدەدرا، بەڵام من کار ئاسانیم بۆ کرد و رەزامەندیم بۆ وەرگرت، ئەو کاتە بۆ باسی مووچەی خەڵکی نەدەکرد؟ خێرە ئێستا چوەتە نێو یەکێتی و ئەو قسانە دەکات؟، کابرایەکی هونەرمەندە و نەدەبوو دژی کەس قسە بکات، بەڵام دیارە ئێستا بەرژەوەندی وا دەخوازێت ئەم قسانە بکات، ئەگەرنا جێگای نابێتەوە.

    فاخیر هەریری زیاتر گوتیشی: هەردی بۆ جێ خۆشکردنی خۆی ئەو قسانە دەکات، بتەوێ یان نە ئێستا رووە هونەرییەکەی لەنێو خەڵکدا لەدەست داوە، کەوتە دوای پارە پەیداکردن، بۆیە بەو جۆرە مەدحی یەکێتی نەکات و زەمی پارتی نەکات، ئەوا ئەو نانە ناخوات، چونکە تەمەنی ئەم برادەرە هی ئەوە نییە بگات بە پلەی راوێژکاری مەکتەبی سیاسی، بەڵام پێویستە بەشی ئەوەشی تێدا بهێڵێتەوە کە سبەی رۆژ لەنێو یەکێتی دەرکرا، رووی ئەوەی هەبێت لە دەرگای پارتی بدات و جێگای بکرێتەوە، چونکە یەکێتی سەدان کادیری دڵسۆزی خۆی دەرکرد و بەشێکیشی تیرۆر کرد.

    ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەکات: حکومەتی سلێمانی لە حکومەتی هەرێم جیاوازە، ئەگەر راست دەکەن و پیاون با رێگە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن دەستی خزمەت بەو ناوچانە بگەیەنێت، ئەگەر لە ماوەی دوو ساڵ سلێمانی نەبووژایەوە و وەک دوبەی لێ نەهات، ئەو کاتە حەقیانە قسە بکەن، بەڵام یەکێتی دەترسێت دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکان، چونکە رووی راستەقینەی بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت و خەڵکەکەی لێی دوردەکەونەوە، بۆیە یەکێتی رێگرە لەوەی حکومەتی هەرێم دەستی ئاوەدانی بە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، کەرکووک بگات، هەرگیز رێگەشی پێنادات ئاوەدان بکرێنەوە.

  • بەرگری شارستانی هەولێر 64 رێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە

    بەرگری شارستانی هەولێر 64 رێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە

    دەقی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر :

    لە (کاتێک پێشبینی لافاو دەکرێت) ئاگاداری بۆ هاووڵاتییان:

    1- چاودێری دەوروبەرەکەتان بکەن کە چی ڕوودەدات.
    2- چاودێری ڕادیۆی کەشوهەوای تەلەفزیۆن و ڕادیۆ ناوخۆییەکان بكەن یان سۆشیال میدیا بۆ پرسی تایبەت بەهەواڵ.
    3- ئەگەر هۆشداری لافاوێکی خێرا بۆ ناوچەکەت درا، دەستبەجێ سەرکەون بۆ شوێنی سەلامەت بەرز.
    4- لافاوی خێرا گەشە دەکات چاوەڕێ مەکە تا ئاو بەرز دەبێتەوە.
    5- لە ناوچە نزمەکان دەربچن کە تووشی لافاو دەبن.
    6- ئەگەر شۆفێری دەکەیت بە ڕێگا لافاواوییەکاندا ئۆتۆمبێل لێ مەخوڕە.
    7- کۆکردنەوەی پێداویستییە گرنگەکان پێش کارەسات.
    8- ئاوی خواردنەوە پڕ بکەرەوە.
    9- ئەو خواردنانەی کە پێویستیان بەگەرمکردنەوە و چێشت لێنان نییە دابینیان بکەن.
    10- پارەی نەختی.
    11- دەرمان و پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی.
    12- جل و بەرگ پۆشاکی پێویست.
    13- چرای دەستی.
    14- بەڵگەنامە گرنگەکان
    15- ئامادە بە بۆ چۆڵکردن.
    16- ئەو شوێنانە دیاری بکە کە دەبێ بچیت.
    17- ڕێگاکانی گەشتە بەدیلەکان دیاری بکە کە تووشی لافاو نابن.
    18- پلان دابنێ چی لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکانت بکەیت.
    19- تانکی غازی و بنزینی ئۆتۆمبێلەکەت پڕ بکەرەوە.
    20- لەگەڵ خێزانەکەت باسی پلانەکانی لافاو بکە.
    21- بڕیار بدە لە کوێ کۆدەبنەوە ئەگەر جیابوونەوە.
    22- کەسێکی پەیوەندیدار دیاری بکە کە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکەت جیابوونەوە، دەتوانرێت پەیوەندی پێوە بکرێت.
    23- دڵنیابە لە هەموو ئەندامێکی خێزانەکەت زانیاری و پەیوەندییەکانی هەیە.
    24- موڵک و ماڵی خۆت بپارێزە.
    25- گواستنەوەی کەلوپەلی بەنرخ و مۆبیلیات بۆ ئاستێکی بەرزتر.
    26- ماددە مەترسیدارەکان (وەک بۆیاخ، ڕۆن، قڕکەر و پێداویستی پاککردنەوە)دوور بخەرەوە.یان بیان گوازەرەوە بۆ شوێنی بەرزتر.
    27- ئامێرە کارەباییەکان داببڕە.
    28- ئەگەر تەڕ بوویت یان لەناو ئاودا وەستاویت دەست لە هیچ کەرەسەیەکی بارگاوی و کارەبای مەدە.
    29- کەلوپەلی دەرەوە بهێنە ناو ماڵەوە یان بە باشی بیان بەستە،ئەمەش مۆبیلیات و سەبەتەی زبڵ و شتە جوڵاوەکانی تر دەگرێتەوە.
    30- دەرچەی هەوا گۆڕکێ بۆ ژێرزەمینەکان دابخە بۆ ڕێگریکردن لە لافاو.
    31- مەگەر ناچار بیت ئەگەر نا شۆفێری مەکە.
    32- ئەگەر پێویست بوو شۆفێری بکەیت ، بە وریاییەوە گەشت بکە.
    33- دڵنیابە ئۆتۆمبێلەکەت سووتەمەنی پێویستی هەیە.
    34- ڕێگا پێشنیار کراوەکان بەپێی ڕێنمایی هاتووچۆیی پەیڕەو بکە.
    35- دوور بکەوەرەوە ناوچە کارەساتبارەکان . ڕەنگە بوونی تۆ ڕێگری بکات لەڕزگارکردن یان ئۆپەراسیۆنە فریاگوزاریەکانی تر و بتخاتە مەترسی زیاترەوە.
    36- چاودێری ڕێگاکانی شۆردراو و زەوی و دارە کەوتووەکان یان هێڵەکانی کارەبا بکەن.
    37- لە شەودا وریابن کاتێک ناسینەوەی مەترسییەکانی لافاو قورسترە.
    38- ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە وەستا، وازی لێبهێنە ژیانی خۆت گرنگتر بەرچاوبگرە.
    39- ئەگەر ئاو لە دەوری ئۆتۆمبێلەکەت بەرز بووە ، دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکە بەجێبهێڵە ، بە خێرایی سەرکەوتن بۆ سەر زەوییە بەرزەکان بڕۆن .
    40- هەرگیز بە ڕێگا لافاواوییەکاندا لێ مەخوڕن ،بوەستە،بگەڕێوە،تادووچاری خنکان نەبیتەوە.
    41- لەوانەیە جێگاو ڕێگاکە شۆردرابێتەوە.
    تەنها لە چەند ئینجێک ئاودا دەتوانیت کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت لەدەست بدەیت.
    42- لەوانەیە ئۆتۆمبێلەکەت سەرئاوبکەوێت بۆیە ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن بەهۆی کەمتر لە 2 پێ ئاوەوە سەرئاو بکەون.
    43- بە ئۆتۆمبێل بە دەوری بەربەستێکاندا مەڕۆن، سوڕانەوە و بە ڕێگایەکی تردا سەلامەترە.
    44- دوور بکەوەرەوە لەو شوێنانەی کە پێشتر لافاویان لێ هاتووە و هەوڵ مەدەن ئەو شوێنانە پێیاندا تێ پەرن.
    45- دوور بکەوە لە هێڵەکانی کارەبا و وایەری کارەبا و کێبڵە بارگاویەکان.
    46- دەستبەجێ شوێنەکەچۆڵ بکە، ئەگەر پێت وایە مەترسیت لەسەرە یان ئامۆژگاریت کرایت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەیت.
    47- خێرا مامەڵە بکە وخۆت ڕزگار بکە نەک کەلوپەلەکانت.
    48- پێش ئەوەی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوەوە هەراسان بیت،خۆت زووتر بچۆ بۆ شوێنێکی سەلامەت.
    49- پێویستە خێزانەکان تەنها یەک ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لەیەکتر جیا نەبنەوە و قەرەباڵغی کەم بکەنەوە.
    50- پێش ڕۆیشتن خزمەتگوزاری ئاو و غاز و کارەبا بکوژێنەرەوە بۆ دڵنیایی زیاتری ماڵەکانتان.
    51- ماڵەکەت پارێزراو بکە هەموو دەرگا و پەنجەرەکان قوفڵ بکە.
    52- ئەگەر ئاراستەی شوێنێکی دیاریکراو کرای بڕۆ بۆ ئەوێ.
    53- هەرگیز هەوڵ مەدە بەناو ئاوی ڕژاودا بڕۆن یان مەلە بکەن لەبەر ئەوە مەترسی زۆری تیادایە.
    54- ئەگەر ئاوی ڕژاو لە سەرووی پاژنەی پێیەکانتەوەیە بوەستە و بە ڕێگایەکی تردا بڕۆن.
    55- ئەگەر بە خێرایی بجوڵێت، ئاو بە قووڵی 6 ئینج دەتوانێت لە پێکانت بتخاتە خوارەوە.
    56- ئاگاداربە خەڵک بە ئاوی لافاودا دەڕۆن و دەخنکێن
    57- هەرگیز ڕێگە مەدە منداڵان یاری بە دەوری ئاوی بەرز، ئاوەڕۆی مەنهۆڵەکان و ڕووبارەکاندا بکەن و لێیان نزیک نەبنەوە.
    58- ئەگەر کەسێک کەوتە ناو ئاوی لافاوەوە یان گیری خوارد پەیوەندی بگرن بە بەرگری شارستانیەوە.
    59- بۆ گیرخواردوەن و ڕزگارکردنیان کەرەسەی گونجاو بەکاربێنن ئەگەر دەتوانیت شتێک فڕێ بدەیت بۆقوربانییەکە کە یارمەتی بدات لە دەست پێ گەیشتن و سەلامەتی ، وەک تایەی یەدەگ، یان پەتێکی بەهێز. یان راهێڵەیەکی داری پتەو.
    60- بەخێرایی پەیوەندی بکەن بە (115-125)وە پەیوەندی بکەن بۆ یارمەتی و هاوکاریتان و زانیاری شوێنی دروست بدەن.
    61- چاوەڕێ بکەن تا سەلامەت دەبن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکانتان.
    62- مەگەڕێنەوە بۆ ناوچە لافاواویەکان تاوەکو میری و بەرگری شارستانی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەلاتە ئەوشوێنانە.
    63- ئەگەر بینایەک لافاوی بەرکەوتبوو پێش چوونە ژوورەوە پشکنین بکەن بۆ سەلامەتی خۆتان و مال و منالەکانتان.
    64- ئەگەر بینایەک هێشتا بەرکەوتەی لافاوی بوو یان بە ئاوی لافاو دەورە دراوبوو هەرگیز مەچۆ ناو بیناکەوە.

    باشترین هاوکاری هاووڵاتییان زوو پەیوەندی گرتنە بە ژووری کۆنترۆڵەکانمانەوە بە ژمارە (115-125) تاوەکوو بە زووترین کات بتوانین تیمەکانی فریاد رەسی بەرگری شارستانی پێیان بگەیەنین.