هاوپۆل: کوردستان

  • ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر

    ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر

    ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر

    بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە لایەن ئافرەتێکەوە ئاگادار کرایەوە کە کەسێک بەناوی (لوقمان مەولان ئیسماعیل) هەڕەشەی لێكردووە ، پاش ئاگادارکردنەوەی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەڵگەکان بۆ بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی (2) ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، لە ڕێکەوتی (١٤-١-٢٠٢٤) تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر کرا.

    دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار (لوقمان) هەڕەشەی لە دادخواز و ئامۆزایەکی دادخواز بە ناوی ( ھ. ف س)، (د. گ .س) کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ڤیدیۆی نەشیاوی ڕووتی هەردووكیانی لایە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە، پاش لێكۆڵینەوەی چڕتر لەم بابەتە ، بۆمان دەرکەوت لە ناو مۆبایلەکەی چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی وەك ( سیحر و جادوو و وێنەی ماددەی هۆشبەر و تۆماری دەنگی و هەڕەشەکردن دژی ئافرەتان)ی تێدایە، وە تۆمەتبار چەندین پەیجی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دروست کردووە بە ناوی گروپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەدڕەوشتی، وە بەکارهێنانی ناوی ئەم گروپە وەك هەڕەشەكردنێك بووە لەسەر ئافرەتان و بە تایبەتی كچان، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیكی زۆر بەرامبەر بەوەی كە وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاو نەكرێتەوە.

  • سەرکردەیەکی گۆڕان چەند زانیارییەکی نوێ لەسەر حزبەکەی ئاشکرا دەکات

    سەرکردەیەکی گۆڕان چەند زانیارییەکی نوێ لەسەر حزبەکەی ئاشکرا دەکات

    دڵشاد رەشید بۆ بازمیدیا:
    دروستکردنی حزبێکی نوێ و جیابوونەوە لە گۆڕان کۆتایی گۆڕان نیە ،بەڵام خەڵکێک دەچێتە پاڵ ئەو تاقمە.

    دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان، بە (بازمیدیا)ـی رایگەیاند: هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دواکەوت، دیارە خیلافەت هەیە، بەڵام لەبەر سەری ساڵی نوێ کە ئەم دوو سێ رۆژە دەوام نییە، لە شوێنەکانی دیکەش خەڵک ناتوانێت بێت، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دواکەوتنی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن.

    هەروەها وتی ؛ “هێشتا رێککەوتنی نێوان باڵی عومەری سەید عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود سەبارەت بە پرسی رێکخەری گشتی و دیاریکردنی نەکراوە”، واتە نەگیشتوونەتە ئەمجام بۆ ئەم بابەتە، بابەتەکە تا ئێستا ماوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

    دلشاد ڕەشید ئەوەشی وت ،“عوسمانی حاجی مەحمود دەمێکە لە باڵی ناڕازییەکانە، خۆی لە گۆڕان دوورخستووەتەوە، بەڵام رەئی هەبووە، چونکە خەڵکی لەناو گۆڕاندا هەبووە”.

    سەبارەت بە حزبە نوێیەکەی گۆڕان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو حزبە نوێیەی باسی لێوە دەکرێت، باوەڕم وانییە کە عوسمانی حاجی مەحمود بچێتە پاڵیان، چونکە عوسمان ئەزموونی نێو یەکێتی و گۆڕانی هەیە، تەمەنیشی هەیە، بۆیە باوەڕناکەم بچێتە ژێر باڵی یوسف محەمەد، زەحمەتە.

    دروستکردنی حزبێکی نوێ و جیاکردنەوەی لە گۆڕان، کۆتایی بە گۆڕان ناهێنێ، بەڵام خەڵکێکی زۆر جیا دەبنەوە و دەچنە نێو ئەو تاقمە نوێیە.

  • ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری بێلانەی شاری هەولێرەوە بڵاوکرایەوە

    ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری بێلانەی شاری هەولێرەوە بڵاوکرایەوە

    ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری بێلانەی شاری هەولێرەوە

    چەند رۆژیک لەمەوبەر ئافرەتێکی بیانی، سەردانی بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بە تیمی خۆبەخش و دابینکردنی دەرمان هاوکاری شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بکات، وەکو بەرێوەبەرایەتی فەرمانگەى ژینگە پارێزى هەولێر، داواکەیمان قەبوڵکرد و سوپاسى هەرکەس و لایەنێک دەکەین کە هاوکارمان بێت، دوێنێ سێشەممە داوای چوونە ژورەوەی شێڵتەرى کرد و ڕازامەندی پێ درا ، ئەمڕۆکە بڕیار بوو برێک دەرمان ببات وەک یارمەتى بۆ شێڵتەر، بەڵام بەداخەوە لەکاتی چوونە ژوورەوەی بێ بەووشەى نەشیاو ڕێزیەکی زۆری بەرامبەر بە ستافی شێڵتەر و پزیشکانى ڤێتێرنەری کردووە کە تەمەنێکی زۆریان لەو بوارەدا هەیە، سەربارى ئەوەى خۆی وانیشانداوە کە بەهۆی پاڵپشتی هاوسەرەکەیەوە دەتوانێ هەر کار و ڕەفتارێک ئارەزووی بکات ئەنجامی بدات و لەگەڵ دوو کەسى دیکە کە هاوکارى بوونە، هەندێک بابەتیان وروژاندووە کە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە (بۆ نموونە ناڕەزاییان دەربڕیوە کە بۆچی خواردن و ئاو لە ناو قەفسی ئاژەڵەکان نییە، بێئاگا لەوەى بە پێی ڕێنمایی ڤێتەرنەری ئەو ئاژەڵی نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، نابێ ئاو و خواردنی تا ماوەیەک پێ بدرێت)، ئەوە سەربارى ئەوەى هەوڵی وێنەگرتن و ڕیکۆردکردنی ڤیدیۆیان داوە لە کاتێکدا پێشوەختە پێیان گوتراوە کە وێنەگرتن ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە لەلایەن تیمەکانمانەوە رێگریان لێ کراوە تاوەکو کێشە و گرفتی زیاتر بۆ شێڵتەرەکە دروستنەکەن.

    وەکو بەرێوەبەراتی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر لەسەر راسپاردەی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، دەرگای شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بەرامبەر هەر ئاژەڵ دۆستێک کراوەیە کە بیەوێت دەستی هاوکاری و یارمەتی درێژبکات و بەگەرمى پێشوازی لێدەکەین، بەلام بەومەرجەى ڕێنماییە تایبەتیەکانى شێڵتەر جێبەجێ بکات، لەکاتی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان ڕێکارى یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، بۆ بەرچاووڕونی هاوڵاتیان، شێڵتەری سەگى بێلانەى هەولێر لەسەر ئاستی عێراق وهەرێمى کوردستان، بە تەواوی مەرجە تەندروستی و ژینگەیەکان تێدایە دروستکراوە و ئاژەڵەکان بە پێی ڕێکارە تەندروستیەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەو ڕووداوەى ئەمڕۆش ڕوویدا پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات و ڕێکارى یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەم بوونە و کاری نەشیاو وڕەفتارى نابەجێیان ئەنجام داوە.

    بەرێوەبەراتی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر
    2023.12.27

  • مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە

    مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە

    مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە

    بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و،  بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت ، تێدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد

    دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

    بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

    بەڕێزان، ئەندامانی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، میوانانی بەڕێز؛ بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم. ئومێدەوارم بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەکەتان ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و خزمەتکردنی گەلەکەمان.

    یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی کوردستان؛ یەکێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی کوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون و لە ریزی پێشەوەی بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان بوون.

    رێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی کوردستان و بەتایبەتی سەرکردە خەباتکارەکانی پێشوو و ئێستای یەكێتیی ئافرەتانی کوردستان هەیە و، خەبات و تێکۆشانیان لە پێناو مافەکانی ئافرەتانی کوردستان بەرز دەنرخێنین.

    لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئافرەتان هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە. بۆ نموونە لە راپەرین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان ئافرەتان نموونەیەکی دیاری ئازایەتی، نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوون و، شان بە شانی برا، باوک و ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیان لە سەنگەری پێشەوەی خزمەتکردن، گیان بەختکردن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان بوون.

    لە دوای راپەرینی 1991 ئافرەتانی کوردستان؛ رۆڵێکی کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەیە. توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیان رۆڵی کاریگەریی خۆیان لە کایە جۆراوجۆرەکاندا بسەلمێنن. ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ئاست و رێژەی بەشداریی ئافرەتانی کوردستان لە بەڕێوەبردن و حکومرانیدا ئاماژەیەکی روونە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی باشترکردنی دۆخی ئافرەتان و بەهێزترکردنی پێگەیانە لە کۆمەڵگەدا. لێرەدا جێی خۆیەتی هەر بۆ نموونە ئاماژە بەوە بدەین، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

    هیوادارم یەكێتیی ئافرەتانی کوردستان لەم کۆنگرەیەدا هەڵسەنگاندنێکی باش و بابەتییانە بۆ کار و چالاکییەکانی لە ماوەی رابردوودا بکات و، سەرئەنجام نەخشەرێگە، پلان و بەرنامەی توکمە بۆ قۆناغی داهاتوو دابرێژێت و بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشخستنی خەباتی رێکخراوی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا لەم سەردەمەدا.

    داواکارم یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رۆڵی پێشەنگی خۆیان بگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز و ژینگەپارێز و کارامە بۆ پاراستنی ئەزموون و دەستکەوتەکانمان و پێشخستنی زیاتری وڵاتەکەمان.

    دەمەوێت جارێکی دیکە سوپاسی سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، د. ڤیان سلێمان و هەموو سکرتێر و سەرکردایەتیی پێشووتری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بکەم و، پێتان بڵێین ئێمە رێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشانی ئێوە هەبووە و هەروەها داوای بەردەوامبوون و سەرکەوتن بۆ ئەندام و کادران و تێکۆشەرانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەیە و هیوارام لە کۆتایی ئەم کۆنگرەیە، سەرکردایەتییەکی پتەو، زیرەک، خەباتکەر و تێکۆشەر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە بەم رێگە پیرۆزە بدەن و لە ئاستی داخوازییەکانی ئافرەتانی کوردستان بن.

    جاریکی سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازام و هیوادارم هەمیشە لە گەشەکردن و پێشکەوتندابن. ئێوە هەر سەلامەت و سەرکەوتووبن و کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

  • ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

    ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

    ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

    *ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا

    ئەمڕۆ چوارشەممە 12/20، بە سەرپەرشتیى سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

    لە بڕگەی یەکەمدا، دوایین پێشهاتەکانی هەردوو دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، دووپاتیان کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتيی فیدڕاڵ تاکوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبەرانبەریشدا هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە.

    ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

    پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسی یەکەمی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریکردنە لە هاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە هەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاکوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە.

    لە کۆتاییدا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، چەند پێشنیارێکی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو کە تایبەت بوو بە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراوی خۆیان بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی ئەوانەی کە شایستەن و هەروەها ڕێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی حوکمەکانی پەیڕەوی ژمارە(4)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

    ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی پەسەند کرد و وەزارەتیشی ڕاسپارد لە هەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتیى هەرێم لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە.

  • هەلی دامەزراندن بە گرێبەست بۆ پۆلیسی گەشتیاری ڕاگەیەندرا

    هەلی دامەزراندن بە گرێبەست بۆ پۆلیسی گەشتیاری ڕاگەیەندرا

    هەلی دامەزراندن بە گرێبەست بۆ پۆلیسی گەشتیاری ڕاگەیەندرا

    لەسەر ڕەزامەندی ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ (١٦٥) پلەی دامەزراندن وەکو پۆلیسی گەشتیاری بە گرێبەست ڕادەگەیەنێت. ئەو پۆلیسانە بۆ خزمەتکردن لە دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دادەمەزرێن و هەر یەکەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت وگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە شوێنە گەشتیارییەکان خزمەت دەکەن.
    پلەکان بەم جۆرەی خوارەوە دابەش دەکرێن:
    بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر (٣٠) سی پلە ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی (٣٠) سی پلە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دهۆک (٢٥) بیست و پێنج پلە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە (١٥) پانزە پلە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران (٢٠) بیست پلە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان (١٥) پانزە پلە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین (١٥) پانزە پلە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ (١٥) پانزە پلە.
    ئەوانەی ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدایە دەتوانن بۆ کێبڕکێ کردن لەسەر وەرگرتن زانیارییەکانیان تۆمار بکەن:
    تەمەنی لە ١٨ هەژدە ساڵ کەمتر نەبێت و لە ٢٧ بیست و حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، خوڕەوشت و ڕەفتار و ناوبانگی باش بێت و بە هیچ کام لە تاوانەکانی ئابڕوبەر سزا نەدرابێت. بڕوانامەی (ئامادەیی گەشتیاری یان پەیمانگەی گەشتیاری) لە یەکێک لە دامەزراوە باوەڕ پێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست هێنابێت. لە مەرجەکانی باڵا و تەندروستی پێویست بۆ بوون بە پۆلیس دەربچێت. ئەولەویەت دەدرێتە کچ و کوڕی شەهیدان و ڕەچاوی هاوسەنگی ڕەگەز بە گوێرەی تایبەتمەندی ئەرکەکە دەکرێت لە کاتی دیمانەکردن بۆ وەرگرتن. ئەو هاووڵاتیەی لە پاڵ زمانی کوردی، زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی یان هەردووکیان بزانێت، پێشینە (اولویەت)ی لە وەرگرتن دەبێت.

    سەردانی ئەم لینکە بکەن بۆ داواکردنی دامەزراندن:
    https://forms.gle/BKPmTvn1qxEbmyfU6

  • بەڕێوەبەری پێشووی باج و خانووبەرەی هەرێم ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە

    بەڕێوەبەری پێشووی باج و خانووبەرەی هەرێم ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە

    وەزیری دارایی بۆ VOA: دەبێت بەڕێوبەری پێشووی باج بۆمان بسەلمێنێت ئەو داهاتی باجەی باسی دەکات چی لێهاتووە و بۆمان بهێنێتەوە

    وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، داتاکانی وەزارەتەکەی ئەوە دەردەخەن کە خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەی باجی هەرێمی کوردستان لەساڵانی ڕابردودا بە 800 ملیار دینار”نالۆژیکییە” و “بەتەمەنی حوکمڕانی هەرێم داهات نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیە.”

    جەختیشیکردەوە، دەبێت بەڕێوبەری پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێم ڕاستی ئەو ژمارەیە بسەلمێنێت کە باسیکردووە و ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.

    ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “لۆژیک دەڵێت هەرگیز داهاتی باجی هەرێم ناگاتە 800 ملیار دینار. نەک تەنها باج، هەموو داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم لە نێوان 320 ملیار بۆ 350 ملیار دیناردا هاتووچۆ دەکات بەتایبەت لەوکاتەی داهاتمان زۆربووە.”

    ئەو وتیشی، “بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان تەنها داهاتی باجی کردووەتە 800 ملیار.دەبێت بۆمان بسەلمێنێت پارەکە چی لێهاتووە و بۆمان بهێنێتەوە.”

    لەبارەی ئەو داتایەوە کە بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان خستوویەتیەڕوو، ئاوات شێخ جەناب بە دەنگی ئەمەریکای وت، “ئەو برادەرە بە دەنگ و ڕەنگی خۆی دەڵێت کارێکی نایاسایی و نەشیاومکردووە. ئەو ژمارەی ئەو باسی دەکات لە دۆسیەی وەزارەتی داراییدا ئەو جۆرە پارەیە نیە و نەشبووە. بەتەمەنی حوکمڕانی هەرێم ژمارەی وانەبووە.”

    هەروەها وتیشی، “گەر ئەو پارەیە نەبووە، ئەو برادەرە دەبێت بیسەلمێنێت پارەکەی چی لێکردووە، چونکە بە قسەی ئەو بێت 580 ملیار دینار دیار نییە و دەبێت چارەنوسی ئەو پارەیە ڕوونبکاتەوە.”

    وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە، وەکو وەزارەتی دارایی ئەرکییان داکۆکیکردنە لە ماڵی گشتی، بۆیە دەبێت بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان بۆیان بسەلمێنێت پارەکەی چی لێکردووە.

    ئاوات شیخ جەناب وتی، “گەر نەیسەلمێنێت، وەکو ئاژاوەچی و ناڕاستگۆ لێی دەڕوانرێت، کە هاتووە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا تێکدەدات. نێوان هەرێم و بەغدا تێکدەدات. بۆیە وەکو وەزارەت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین بۆ ئەوەی سزای خۆی وەربگرێت.”

    سەبارەت بەوەی قسەکانی بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، تاچەند گرفتی لەگەڵ بەغدا بۆ دروستکردوون، وەزیری دارایی دەڵێت، “هەندێک پەرلەمانتار بۆ موزایەدەی سیاسی ئەمجۆرە قسانە بەکاردەهێنن. ڕەنگە تێیاندا بێت قسەکانی وەرگرتبێت و بڵێت، ‘ئەها چی دەڵێن.’ چوار ساڵە لەڕێگەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداوە لەسەر هێڵین و وردبینی دەکرێت، کەچی هەندێک خەڵک قسە لەکەسێک وەردەگرن کە خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەسەردەمی خۆیدا دراوەتە دادگا.”

    لە کۆتاییدا وەزیر وتیشی، “هەرکەس لە ڕاگەیاندن قسەیکرد، نابێت هەرچی بەدەمیدا هات بیڵێت، پێویستە عاقیبەتی قسەکانی بزانێت.”

  • سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

    سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

    سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

    ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/7 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵدا، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
    سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لێکردن و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.
    سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و نیگەرانی و  خەمگینی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە.هەروەها داوایکرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و  ڕێزگرتن  لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن .

    لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک کرد و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

  • ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرا بوو

    ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرا بوو

    ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ کۆتایی بە نادادیی بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بهێنێت و شایستەکانیان خەرج بکات

    ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنەوە ، بەخێرهاتنەوەی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کرد بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن و دەستبەکاربوونەوەی لە کار و ئەرکەکەیدا.

    سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا خستەڕوو کە لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات ئەنجامدرا.
    لە بڕگەی یەکەمدا، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەکانی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان كرا لە دوا سەردانی شاندی دانوستانکار هەرێم بۆ بەغدا لە حەفتەی ڕابردوودا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
    شاندی دانوستکار ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا کە سەرەڕای دروستبوونی لەیەکترگەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناکۆکیی سیاسی و پابەندییەکان جیابکرێتەوە و دەبێت بڕە پارەکانی هاتوو لە خشتەکانی بودجە، وەک خۆی خەرج بکرێت و بە هیچ شێوەیەک پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەکرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت.

    شاندی دانوستانکار ئاماژەیان بەوە دا کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات ، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە .

    ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدرال دەکات کە لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی. هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیە پێکهێنەرەکانی کابینەی محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن.

    لە لایەکی دیکەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە ، جیا لەوەش، هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن.

    لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پێشکەش کرد . هەروەها ئاماژەی بە هۆکارەکانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەرکردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەموولایەک هاوکار بن لەپێناو جێبەجێکردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان

    سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و گرتنەبەری ڕێکاری توند و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو تاوانبارانەی کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن کردەوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لەمبارەیەوە بکرێت. سەرۆک وەزیران دامەزراوەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە هەڵمەتێکی بەرفراوانی هوشیارکردنەوە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدەن.

    پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە ڕووبەرڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان.

    ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی کرد کە لە ڕاپۆرتەکە و کۆبوونەوە خرانەڕوو، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەش کە کار لەو بوارەدا دەکەن دووپات کردەوە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ توندوتیژی دابنرێت.

    لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنی بە ڕێژەی %15 لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی کرێی ئاو بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواکاری پێشکەش بکەن بۆ سوودمەند بوون لەم بڕیارە کە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وردەکارییەکەی بڵاودەکاتەوە.

  • کاری نەتەوەیی مەزن کاری سەرکردەی بێ هاوتان؟!

    کاری نەتەوەیی مەزن کاری سەرکردەی بێ هاوتان؟!

    کاری نەتەوەیی مەزن کاری سەرکردەی بێ هاوتان؟!

    قەهرەمان عوسمان :

    جەنابی سەرۆک بارزانی خاوەن رۆیا و ستراتیژێکی گشتگیرە بۆ تێکڕای کوردستانیان، بۆیە هەر وەک چۆن لە پارچە ئازادبووەکەی وڵات دەرفەتی بۆ ڕەخساندین بە ئازادانە دەنگ بۆ سەربەخۆیی وڵات بەرزبکەینەوە، لە ڕێگەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییشەوە، لە هەوڵی پێدانی یەکێتی و یەکگرتوویی و زامنکردنی سەربەخۆییە بۆ گەلی کوردستان.

    کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەتوانێت مۆتەکەی دووبەرەکی تێکبشکێنێت و یەکریزییەک کە سیمبولەکەی ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستان بێت و بۆ سەربەخۆیی تێبکۆشێت، وەک دووەمین دەستکەوتی بێ وێنەی نەتەوەی لە دوای ڕیفراندۆم بیبەخشێتە گەلی کوردستان.

    کە دەڵێین: بە درێژایی مێژوو هیچ سەرکردەیەکی کورد هاوشێوەی سەرۆک بارزانی نەبووە، ئەم دوو هەنگاوە نەتەوەییەی بەڕێزیان (ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، و کۆکردنەوەی کوردستانیان لە دیاسپۆرا لە دەرەوە لەژێر چەتری ئاڵای کوردستان) دوو پێنگاڤی بێ وێنە و ستراتیژی و نەتەوەیین، و بەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەت و بەخشینی سەربەخۆیی و زامنی پاراستنی دەستکەوت و بەرهەمی خوێنی شەهیدانی کوردستانن لە داهاتوودا.

    لەوانەیە بپرسن ئەرگۆمێنتم چییە بۆ ئەم قسانەم؟! لە ڕۆژانی ٣٠ی ١١ و ١ی ١٢ی ئەمساڵ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیای مەزن کۆنفڕانسێکی زانستی بە بەشداری چوار زانکۆ و کۆمەڵێک ئەکادیمی و بەرپرس و نوێنەری دیاسپۆرای گەلانی خاوەن دەوڵەت و بێ دەوڵەت بەڕێوەچوو. لەوێ گرنگی بوونی دیاسپۆرایەکی یەکگرتوومان بۆ دەرکەوت. بۆمان ڕوونبووەوە کە چۆن دیاسپۆرایی گەلان هۆکاری هێز و مانەوەیی زمان و کلتور و شوناسیانن، لە زۆر نمونەدا دیاسپۆرا، وڵاتی بۆ گەلان دروست کردووە، لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە ئاستی وا باڵا گەیشتوون کە بتوانن پاڵپشت و دۆستی بەهێز بۆ دۆزی گەل و وڵاتانیان دەستەبەر بکەن.
    نەک هەر ئەمانەی سەرەوە بگرە ئێستاشی لەگەڵ بێت قەلغانی پاراستنی داهاتووی نەتەوە و وڵاتەکانیانن.
    بۆیە دامەزراندی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئایندەدا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییە بگێڕێت کە دیاسپۆرای گەلان دەیگێڕن و هێزی بازووی بەرزڕاگرتنی ڕیفراندۆم و هێنانە کایەی سەربەخۆیی دەبێت بۆ کوردستان.