شێخ باز بەرزنجی:تۆڕی گازی سروشتیی کوردستان پێکەوە گرێدرایەوە و ئاستی هەناردەی نەوتیش بەرزبووەوە

شێخ باز بەرزنجی:تۆڕی گازی سروشتیی کوردستان پێکەوە گرێدرایەوە و ئاستی هەناردەی نەوتیش بەرزبووەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا شێخ باز بەرزنجی ئاشکرای کرد کە لەم کاتە هەستیارەدا و بە هیمەتی هەموو لایەنەکان، تۆڕی گازی سروشتیی کوردستان بە تەواوی پێکەوە گرێدرایەوە، بە جۆرێک هەموو ئەو گازە سروشتییەی لە هەرێمەکەدا بەرهەمدێت، لە کۆرمۆرەوە هەتا دهۆک بە یەک تۆڕی فراوانی بۆری پێکەوە بەستراوەتەوە و ڕاستەوخۆ دەگاتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کارگەکان و وێستگە پیشەسازییەکان. ئەم هەنگاوە جگە لەوەی گەیشتنە بە قۆناغێکی گرنگ لە ئاسایشی وزە، هاوکات کۆڵەکەیەکی پر بایەخ دەبێت بۆ بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات لە ئاستی کەرتی نەوتیشدا، ئاماژەی بەوە دا کە لەم قۆناغەدا ئەو نەوتەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردەی دەکات لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بەرزبووەتەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل، و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر هەناردەکردن بگاتە ئەوپەڕی توانای خۆی کە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا، ئەوا بە نزیکەیی 33٪ی نەوتی هەموو عێراق لە ڕێی بۆری نەوتی کوردستانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button