شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە پابەندییەکان و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، ڕۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەم 2026، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
شاندەکە پێک هاتووە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
لەم چوارچێوەیەدا، شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە بۆ ساڵی 2027یش، بەشێوەیەک کە هیچ بەهانە یان هۆکارێک بۆ دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەسەر کۆی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەوانە مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەروەها شایستەکانی هەرێم لە خشتەکانی میلاک و پلەی وەزیفی و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە، هەروەها ئەو شایستە دارایییانەی کە بەپێی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراون.
بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم، لەوانەش مووچە و شایستەکانی مووچەخۆران، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بەشێوەیەکی ڕوون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێک هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ماف و شایستە دارایییەکانەوە هاوتا بن لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵییش جێگیری کردووە.
هەروەها، شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتە هۆی دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە و لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری


