فەرمانبەرانی گرێبەستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێنە هەمیشەیی

فەرمانبەرانی گرێبەستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێنە هەمیشەیی
بازمیدیا ـ هەواڵی عێراقی
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، بە هەمیشەییکردنی هەموو فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانە لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق، لە پڕۆژەی بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٧دا جێگیر دەکرێت.
عەدی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی، گوتوویەتی لیژنەکە لەگەڵ وەزیری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەی زنجیرەیی ئەنجام داوە و بڕیار دراوە هەمیشەییکردنەکە گشتگیر بێت و سنووری دوو یان سێ ساڵ خزمەت بۆی دانەنرێت.
بەپێی ئەم ڕوونکردنەوانە، فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش لە پرۆسەکەدا دەبن و دەکرێنە هەمیشەیی.
هەروەها وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە کە دەقی هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە پڕۆژەی بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧دا تۆمار کراوە و هەنگاوە دارایی و تەکنیکییە پێویستەکان بۆی هەژمار کراون.
بەڵام، ئەم بڕیارە لە قۆناغی پڕۆژەی بودجەدایە و جێبەجێکردنی کۆتایی پەیوەستە بە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٧ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.



