ڕفـ.ـاندنی بەنگلادیشییەك لە هەولێر سیناریۆ دەرچوو

ڕفـ.ـاندنی بەنگلادیشییەك لە هەولێر سیناریۆ دەرچوو
بەنگلادیشییەك لە هەولێر لەماوەی ڕابردوودا داوای بڕی 12 هەزار دلاری لە خێزانەكەی كردووە، كە بۆی بنێرنە هەولێر تا بیداتەوە قەرز، بەڵام خێزانەكەی ئەوە ڕەت دەكەنەوە، كە ئەو بڕە پارەیەی بۆ بنێرن، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دروستكردنی سیناریۆیەك، وای نیشان دەدات، كە ڕفـ.ـاندوویانە، بۆ ئەو مەبەستەش گرتەیەكی ڤیدیۆییان لەگەڵ هاوڕێیەكیدا گرتووە و بۆ خێزانەكەی ناردووە، دواجار لێی ئاشكرا دەبێت و پۆلیسی هەولێر هەردووكیان دەستگیر دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی 3ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت سەبارەت بە ڕفـ.ـاندنی هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.”
ئاماژە بەوەش دەكات، كە “لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆی خۆیان بووە، بەوەی کە یەکێک لەو هاووڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردووە بڕی (12 هەزار دۆلار)ی بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی ڕازی نەبووە، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمار کردووە، کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە، گرتەکەشی ناردووە بۆ خێزانەکەی بۆئەوەی داوا بکەن لەو کەسەی کە بەبارمتەیان گرتووە، تا بڕی پارەکە نەنێرن، ئازاد ناکرێت.”
پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “دوای لێکۆڵینەوەکان، بۆمان دەرکەوت، کە ئەمە سیناریۆیە، بۆیە لە ئێستادا خۆی و هاوڕێکانی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراون و دراونەتە دادگە.”