بەیاننامەیەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر پرسی كۆتاكان
عێراق بە پێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە لە ساڵی 2004 گۆڕا بۆ دەوڵەتێكی فیدراڵی و تێیدا سیستەمی حوكم بە پێی مادە چوار لەو یاسایە دەستنیشان كرا بە شێوەیەك لەسەر بنەمای راستیی مێژوویی و جوگرافی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بە پێی دەستور لەنێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان بوو. دوای پەسەندكردنی دەستوریش لە ساڵی 2005 لە مادە 117 / یەكەم دان بە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی دەنێت و مافی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی پێی داوە تەنیا دەسەڵاتە دیاریكراوەكانی فیدراڵی (الصلاحیات الحصریە للسگات الاتحادیە) نەبێت و ئەوەی باسی نەكردووە لە دەسەڵاته دیاریكراوەكان لە دەسەڵاتی هەرێمدایە و تەنانەت لەبەرامبەر یاسا فیدرالیەكان ئەولەویەتی بە یاساكانی هەرێم داوە. هەروەها ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتە هاوبەشەكان كە لەمادەكانی 110 تاكو 115ی دەستوردا هاتووە مافی هەمواركردنەوەی جێبەجێكردنی یاساكانی فیدراڵی بە هەرێم داوە كاتێك هاودژی یان ناكۆكی لەگەڵ یاساكانی هەرێمدا هەبێت و لێرەدا باڵادەستی بۆ یاساكانی هەرێمە. هەروەها شایەنی ئاماژەپێكردنە كە ناكرێت لەژێر هیچ پاساوێك دەستكاری مادە دەستورییەكان بكرێت لەبەر ئەوەی دەستوریین و گشت لایەك دەبێ پێوەی پابەند بن لەنێویشیاندا دادگای فیدراڵی كە پێویستە پێوەی پابەند بێت و كێشەی بۆ دروست نەكات یان پێشێلی نەكات بە بیانووی نابەجێ. لەسەر ئەو بنەمایانەش، مافی هەرێمی كوردستانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق مافە دەستورییەكانی خۆی بەكار بهێنێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنەكەی بە پێچەوانەی حوكمەكانی مادە 92ی دەستور و یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30 ساڵی 2005ی هەموار كراوە، زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كردووە كە لەدەستوردا هاتووە بە شێوەیەك مافی بەخۆی داوە كە لە هەموو گەوره و بچوكێكی هەرێم دەستێوەردان بكات هەروەك لە بڕیاری ژمارە 83ی ساڵی 2024 خۆیدا كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆتاكانی لە یاسای هەمواركراوی ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو هەڵوەشاندنەوەی یازدە كورسیی پەرلەمان و كەمكردنیان بۆ سەد كورسی، كە بە وردبوونەوە لەو بڕیارە بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە بە پێچەوانەی ئەو دەستورەیە كە لەژێر سایەیدا كار دەكات چونكە دەستور دانی بەوەدا ناوە كە باڵادەستی بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستانە كاتێك ناكۆك یان هاودژ بێت لەگەڵ یاسا فیدرالیەكان، بەڵام یاسای نێوبراو هیچ شتێكی نادەستوریی تێدا نیە و دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا، خۆی لەشوێنی یاسادانەر داناوە كاتێك هەستاوە بە هەموار كردنی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007ی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كاتێك دابەشكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتەكانی دیاریكراوی پەرلەمانی كوردستانەو بە دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە دادگای فیدراڵیەوە نیە بە شێوەیەك كە وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاكەدا بكرێت سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكە كۆتاییەو هەموو دەسەڵاتەكان دەبێ پێوەی پابەند بن بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بۆ ئەوەی رەچاوی دادپەروەری و یەكسانی بكات چونكە یەكسانی و دادپەروەری بناغەی حوكمرانیە و پەیڕەوكردنی لەنێو خەڵكدا هێز و پێگە و سەنگ و قورسایی لەنێو كۆمەڵگەدا پتەو دەكات ئەویش بۆ گەرەنتی كردنی ماف و كەرامەتی هاووڵاتیان بە بێ جیاكاری ئیتنی و دینی و نەتەوەیی و مەزهەبی یان رەگەزیی.
دادوەر
عبدالجبارعزیز حسن
سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان