بەدڵنیاییەوە پلانێکی تایبەتمان بۆ مانگی رەمەزان دەبێت

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، بۆ بازمیدیا:جیا لە مانگی رەمەزانی ساڵانی رابردوو بازاڕ زۆر سەقامگیرە، هەرچەندە جموجوڵ دروست بووە، نرخ دابەزیوە، بەڵام زیاد نەبووە

 

لە لێدوانێکی دا قایمقامی هەولێر بەبازمیدیای ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە پلانێکی تایبەت بۆ مانگی رەمەزان دەبێت، چونکە ئەم مانگە تایبەتمەندی خۆی هەیە، خواستی خەڵک لەم مانگەدا لەسەر شتومەکەکان زۆر زیاد دەکات، وادەکات بازاڕەکان گەرم و گوڕتر و قەرەباڵغتر ببێت، ئەمەش وا دەکات کە لیژنەکانمان کارەکانیان چڕتر بکەنەوە،

هەروەها گوتی، چاودێری کۆگاکان زیاتر دەبێت، بەنموونە پێش مانگی رەمەزان یەک حاڵەتمان هەبوو، ئەویش ٣٠ تۆن خورما و هەنجیری وشکراو بوو، ئامادەیان کردبوو تا لەبازاڕدا بیفرۆشن، بەڵام دەستی بەسەردا گیراو ئێمە لێپێچینەوەی خۆمان کرد.

قایمقامی هەولێر ئەوەشی خستەروو، لەکاتی گرانبوونی نرخی کاڵا و شتومەکەکان، هاووڵاتییان چۆن بتوانن لیژنەکانی قایمقامییەت ئاگادار بکەنەوە، چۆن لێپێچینەوە دەکرێت؟ نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت: “جیا لە مانگی رەمەزانی ساڵانی رابردوو بازاڕ زۆر سەقامگیرە، هەرچەندە جموجوڵ دروست بووە، نرخ دابەزیوە، بەڵام زیاد نەبووە، جگە لەوەش کێبڕکێ لەنێوان بازرگانەکان هەیە، بۆ دابەزاندنی مادە خۆراکییەکان ئۆفەریان داناوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی هاووڵاتییانە”.

قایمقامی هەولێر گوتیشی داوا لە هاووڵاتییانی شارەکە دەکەم، لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەک و ئەگەری زیادبوونی نرخی شتەکان، پەیوەندی بکەن بە ژمارە (0750224488)، چونکە بەردەوام بەردەستە.