سامان یاسین: بەناراستەوخۆ لە سێدارەتان داوم، ئیدی لەسێدارەم بدەن و ڕزگارم بکەن

هونەرمەندێکی کوردی ڕۆژهەڵات نامەیەک بۆ بەرپرسانی ئێران دەنێرێت و دەنووسێت:

“بەناراستەوخۆ لە سێدارەتان داوم، ئیدی لەسێدارەم بدەن و ڕزگارم بکەن”

گۆرانیبێژێکی کوردی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی (سامان یاسین) ماوەی 1 ساڵ و نیوە لە زیندانێکی ژێر دەسەڵاتی ئێراندایە ، نامەیەک سەبارەت بە دۆخی نالەباری خۆی لە زینداندا بۆ بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئێران دەنێرێت و نووسیویەتی “هیچ شتێک نەماوە بەسەرمدا نەهێنن، لە سێدارەدانم بە شێوەی دەستکرد، تا گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەی دەروونی، ژیانم بە تەواوی لێوەرگرن ئیدی ڕزگارم بکەن و لە سێدارەم بدەن.

سامان یاسین لە نامەکەیدا نووسیویەتی، “ماوەی 18 مانگە بەبێ هیچ بەڵگەیەک زیندانی کراوم و لەو 18 مانگەشدا چەندین جار وادەی دادگایکردنم بۆ دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لەو دادگایانە بەڕێوەنەچووە”.

پێشتر هاوزیندانییەکی سامان یاسین لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە نامەیەکدا ئەو ئەشکەنجانەی ڕووبەڕووی ئەو هۆنەرمەندە کوردە بووەتەوە، خستبووەڕوو.

سامان یاسین خۆی لە تۆمارێکی دەنگیدا مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو بەشێک لەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونیانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، باسکردبوو، لەوانە لەسێدارەدانی دەستکرد، شکاندنی لوت، هێشتنەوەی لە مردووخانە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی.