شفا بارزانی لە پارلەمانی کەنەدا
بە بەشداری پتر ٢٠ پەرلەمانتار، سیناتۆر و دۆستی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کەنەدا بەرێوەچوو.
لە دەسپێکی ئەو دانیشتنەدا، زیاد ئەبوتەیف سەرۆکی کۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی کوردستان- کەنەدا، وێرای بەخێرهێنانی سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی، هاوکات سوپاسی ئامادەبووانی کرد، سەبارەت بە پێوندییەکانی نێوان کەنەدا و کوردستان و رۆڵی رەوەندی کوردستانی پەیڤێکی پێشکەش کرد.
زیاد لە قسەکانی دا باسی هەلومەرجی دژواری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، لەم پەیوندییەدا سەفەری کاک شفا بارزانی بۆ کەنەدا بە رووداێکی گرینگ لێکدایەوە.
دواتر سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە وتارێکی مێژوویی و پڕ بایەخدا، سوپاسی ئامادەبووانی کرد لەسەر گرینگی پەیوەندییەکانی کوردستان و کەنەدا پێداگریی کرد و راگەیاند: ئەمرۆ سەلماندتان جیا لە چیاکان دۆستی دیکەشمان هەن و ئێوە دەنگێکی بەرزن بۆ پشتیوانی لە کوردستان.
شفا بارزانی بە ناوی کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی سوپاسی پشتیوانی و یارمەتییەکانی کەنەدای بۆ کورستان و پێشمەرگە دژ بە داعش کرد، هەروەها رۆڵی رەوەندی کوردستانی بەرزنرخاند و لە بەشێک لە وتارەکەیدا داوای کرد کەنەدا ناوی رێکخراوە کوردستانییەکان لە لیستی رەشی ئەو وڵاتە دەربهێنن، گوتی: کوردستان هەموو کات قوربانی دەستی تیرۆر و جێنوساید بووە و هەنووکەش لەو شوێنانەی ئازادی هەیە ئێمە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانمان پێشکەش کردوە.
لە لایەکی دیکەوە بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لە هەرەشەکانی سەر کوردستان بە گشتیی و هەولێر بەتایبەتی کرد و لەم بارەوە داوای لە ئامادەبووان کرد پتر گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی کەنەدا تاکوو بەرفراونتر داکۆکی و پشتیوانی لە کورستان بکات، کە هەنووکە کەوتۆتە بەر هەرەشەی میلیشیاکانی ئێران و لە لایەکی دیکەوە تاران بە بڕوبیانووی بێ نێوەرۆک لە نێوخۆ خەریکی کوردکوژییەو لە دەرەوەش بە موشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان پەلاماری کوردستان دەدات و بەمەش ناوچەکە پتر ناسەقامگیر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، شفا بارزانی راگەیاند ئەمریکا لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دایە و نابێ رێگابدرێ واشنتۆن کوتوپڕ لە نێوچەکە بکشێتەوە بەم هەنگاوە بەرەی تیرۆرو تاریکی دەتوانێ کارەسات بخولقێنێ و لەم بارەوە داوای کرد کەنەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکان باشتر تاوتوێی ئەم مەترسیانە بکەن.
لە بەشێکی دیکەیڤدیدارەژەدا، ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا، وێرای بەرز نرخاندی وتارەکەی شفا بارزانی، هاوکات کۆمەڵێک دیدو بۆچوونیان سەبارەت بە بەهێزکردنی پێگەی کوردستان هێنایە ئاراوەو لەم بارەوە لەسەر بایەخ و گرینگی ئەو کۆبوونەوانە پێداگریان کردەوە.
لە کۆتاییدا سەرتیپ کاکەیی سەرۆکی فێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا، وێرای سوپاس لە ئامادەبووان و بەرزنرخاندنی وتارەکەی سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی و هەوڵەکانی زیاد ئەبوتەیف، هاوکات سوپاسی مستەر کورد نوێنەری کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا کرد، کە لە رێخستن و سەرخستنی ئەو کۆبوونەوە پەرلەمانییەدا دەورێکی باڵای گێراوە.
هەروەها سپاسی پشتیوانییە ماددی و مەعنەوییەکانی هاشم سندی و محەمەد مزووری کرد کە خۆبەخشانە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە تێکۆشاون.
باز میدیا
ئۆتاوا – کەنەدا